خەلەف زێباری دەنگی شۆڕش و شاعیری ئەوین و وڵات

27-05-2018
کاروان عەلی
یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا
یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا
نیشانەکردن خەلەف زێباری
A+ A-

رووداو-دهۆک

بەشێک لە ژیانی نووسەر و رۆژنامەڤان خەلەف زێباری لە ئاکرێ تێپەڕیوە و ئێستاش لە دووڕێیانی سەرەکی قەزاکە پۆستەری خەمباریی بۆ هەڵواسراوە.


خەلەف زێباری لە شەوی 24-5-2018 لە وڵاتی ئەمریکا کۆچی دوایی کرد. هەرچەندە ئەو نووسەر و رۆژنامەڤانە لە دەرەوەی کوردستان کۆچی دوایی کرد بەڵام کەسوکار و ناسراوەکانی لە کوردستان و لە ئاکرێ و دەورووبەری بەشداریی پرسەکەیان کردووە.

خەسرۆ زێباری ئامۆزای خەلەف زێباریی بە رووداوی راگەیاند: "بەشداریی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان لە پرسەی خوالێخۆشبوودا سەربەرزی کردین".

ئەحمەد زێباریش لەو بارەوە دەڵێت، شاعیر و رۆژنامەڤان خەلەف زێباری بۆ چەندین ساڵ لە وڵاتی خۆی دوور بووە و یەکێک بووە لە بەشداربووانی شۆڕش.

خەلەف زێباری لە 12-ی ئاداری 1948 لە گوندی بانێ-ی ناوچەی زێبار لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندی نپاخ تەواوکردووە و ناوندی و ئامادەییشی لە ئاکرێ تەواو کردووە. لە ساڵی 1970 لە زانکۆی موسڵ بەشی راگەیاندن خوێندوویەتی و دواتر دەبێتە بێژەر لە دەنگی کوردستانی عێراق

بارزان مەلا خالید هاوڕێی خەلەف زێباری دەڵێت، ئەو دەنگێکی خۆشی هەبوو کە دەیگووت ئێرە دەنگی رادیۆی کوردستانی عێراقە بە زاراوەی کورمانجی سەروو ، بۆ رادیۆی دەنگی ئەمریکاش کاری کردووە.

خەلەف زێباری لە ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران دەبێت و دوای دووساڵ دەچێتە ئەمریکا و لەساڵی 1992 دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی رادیۆی دەنگی ئەمریکا بەشی زمانی کوردی.

سەلام باڵەیی، رۆژنامەڤان لەو بارەوە دەڵێت، خەلەف زێباری لەناوخۆ و دەرەوەی وڵاتیش دەستی لە نووسینی شیعر هەڵنەگرتووە و لە شیعرە بەناوبانگەکانیشی (وارێ شێران) و (دەما من تۆ دیتی نەسرین)ـە کە بە دەنگی محەممەد شێخۆ بوونەتە ستران.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە