ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گەرمیان دژی داعش بەڕێوەدەچێت

27-05-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە بەشداریی چەند لیوایەکی پێشمەرگە و بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە سنووری گەرمیان لە بۆشاییە ئەمنییەکانی سنوورەکە دژی چەکدارانی داعش دەستیپێکرد. فەرماندەی یەکێک لە لیواکان دەڵێت، هەندێک پاشماوەی داعشیان دۆزیوەتەوە.
 
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئایاری 2022، کاژێر 05:00ـی بەرەبەیان دەستیپێکرد؛ هەریەکە لە لیواکانی 3، 5، 9، 17 و 711ـی پێشمەرگە تێیدا بەشدارن. عەقید حەکیم ساتی، فەرماندەی لیوای 17ـی هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە لە بەرەکانی قۆری چای و پەلکانەین و بەرەو غەڕە دەچین؛ لیواکانی دیکەش هەریەکە و لە بەرەیەکەوە لە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامن".
 
ئۆپەراسیۆنەکە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە پێیان دەگوترێت بۆشایی ئەمنی، واتە نە هێزی پێشمەرگەی تێدایە و نە سوپای عێراق.
عەقید حەکیم دەڵێت، ئەو بۆشاییە ئەمنییانە داعش ناوبەناو بۆ هێرش و جموجووڵەکانیان بەکاریان دەهێنن و ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەش نەهێشتنی داعش لەو ناوچانە.
 
فەرماندەی لیوای 17ـی پێشمەرگە گوتی، "ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکە دوو خاڵە: یەکەم، پاککردنەوەی ناوچەکە و رەوەدوونانی داعش تێیدا؛ دووەمیش گەڕانەوەی یاسا و ئاسایش بۆ ناوچەکە".
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەو میحوەرەی لیوای 17 ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا دەکەن، چەند پاشماوەیەکی چەکدارانی داعش و بڕێک تەقەمەنی دۆزراونەتەوە. فەرماندەی لیواکە گوتی، لە رابردووشدا لەو ناوچانە ئۆپەراسیۆن بە هەمان ئامانج هەبووە و زیاتر لەم ئۆپەراسیۆنە پاشماوە و کەرەستەی چەکدارانیان داعشیان دۆزیوەتەوە.
 
بەگشتی ئۆپەراسیۆنەکە سنووری قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها قەزاکانی خانەقین و خوورماتوو لە باشووری کوردستان دەگرێتەوە و زۆرینەی ناوچەکان دانیشتووانەکەی هاونیشتمانییانن.
 
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بەشێک لە سنوورەکانی نێوان باشووری کوردستان و عێراق هیچ هێزێکی عێراقی و هەرێمی کوردستانیان تێدا نەما، بەهۆیەوە ناوبەناو کردەوەی رفاندن و کوشتنی هاووڵاتییانی ئەنجام دەدرێت و دەگوترێت چەکدارانی داعش لەو سنوورانە ئەنجامدەری کردەوەکانن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان

نێچیرڤان بارزانی لە ئیتاڵیا کۆبوونەوەی لووتکە دەکات

شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین کۆبوونەوە چووە ڤاتیکان. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان بە دووقۆڵی کۆبووەوە.