رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر دەکرێتەوە. بەرپرسی ناوەندەکە دەڵێت "پێشکەوتووترین ئەرشیڤی دیجیتاڵیمان بۆ کوردستان دروستکردووە."
رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور کاژێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 27ـی ئایار) دەستپێدەکات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار دەبێت.
محەممەد فاتیح، بەرپرسی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان و پیشاندانی کورتە ڤیدیۆیەک، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێک پێشکێش دەکات."
کاری ناوەندەکە ئەرشیڤکردن و دۆکیومێنتکردنە. محەممەد فاتیح دەڵێت "هەر بابەتێک بە هەر زمانێک بێت، ئێمە دۆکیومێنیتی دەکەین، بۆ نموونە؛ وێنە، گۆڤار، رۆژنامە و دەستنووسەکان."
ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور پێش کردنەوەی بە فەرمی، کاری کردووە و لە ساڵ و نیوێکدا هەزار و 111 بابەتی جیای ئەرشیڤ کردووە. بەرپرسەکەی دەڵێت "لە بابەتە ئەرشیڤکراوەکانماندا رۆژنامەکانی رووداو، بڵاوکراوەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و رۆژنامەی میدیا هەن، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمەکەدا نموونەیان پیشان دەدەین."
لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان، هونەرمەندان، رۆشنبیران، نووسەران و ئەو کەسانەی لە بواری کولتووریدا کاردەکەن، ئامادە دەبن. محەممەد فاتیح دەڵێت، دەیانەوێت هونەرمەندان و نووسەران لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا گفتوگۆ بکەن.
بەرپرسی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور ئاماژەی بەوەش کرد "پێشکەوتووترین ئەرشیڤی دیجیتاڵیمان بۆ کوردستان دروستکردووە. پلاتفۆرمێکی جوانمان بۆ چیرۆکی وێنەیی ئامادە کردووە، پێشەنگایەکی هونەریشمان ئامادەیە لەگەڵ کاری وەرگیڕاندا لە رێوڕەسمەکەدا دەیانخەینەڕوو."
محەممەد فاتیح باسی لەوەش کرد، ژیریی دەستکردیان لە سیستمەکەیان بەکارهێناوە، گوتی "پێشتر لە ئەرشیڤی کوردیدا دەبوو بۆ ناونیشان یان ناوی نووسەرەکە بگەڕێیت، بەڵام لەم سیستمەی ئێمەدا دەتوانیت گەڕان بۆ وشەکانی نێو کتێبیش بکەیت."
بەرپرسی ناوەندی کوردستان بۆ هونەر و کولتوور ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ سیستمەکەیان دەخەنەکار و یەکەم وشەیان کە گەڕانی بۆ بکەن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیڵێت و پێشنیازی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ