دەستەی دەستپاکی: لەمەودوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کار بە یاسایەکی عێراق دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کە بۆ بەشداریکردن لە دیداری دژە گەندەڵی لە ئەمریکایە دەڵێت، لە دیدارەکەدا داوایان کردووە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە شێوەی راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بکرێت و هاوکاریی دەستەی دەستپاکی بکرێت.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە دیداری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە ئەمریکایە، رۆژی سێشەممە 27ی حوزەیرانی 2023 دادوەر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەکە بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەری تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتنی گوت، "لە دیدارەکەدا ئێمە کارەکانی خۆمان بە کورتی خستەڕوو؛ داواشمان کرد، کە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هاوشێوەی ئەو بەرنامانەی لەگەڵ عێراق هەیانە هاوکاریی هەرێمی کوردستانیش بکەن بۆ چاکسازی."
ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوە کرد، لە دیدارەکەدا گوتوویەتی، راستە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام داوایکردووە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستاندا بکرێت.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان زیاتر لەبارەی دیدارەکەوە قسەی کرد و گوتی، "یەکەم دیدار بوو؛ ئەوان زیاتر گوێیان لە ئێمە گرت، ئێمەش بەڵگەنامەکانمان پێدان و ئەوانیش گوتیان خوێندنەوەی بۆ دەکەین. ئێمە پێشتریش ساڵانە راپۆرتی کار و چالاکییەکانمان داوەتە کۆنسوڵخانەکان."
ئەحمەد ئەنوەر لە دیدارەکەدا گوتوویەتی، چۆن لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کردووە لەم "شەڕی گەندەڵی"یەشدا هاوکارییان بکەن.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت، باسیان لە تاوانەکانی پارە سپیکردنەوە کردووە کە ئەویش لە چوارچێوەی گەندەڵیدایە. گوتیشی، "چەند رۆژی رابردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکردووە، کە یاسای 2015ی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی عێراق، لە هەرێمی کوردستان کارا بکرێت، چونکە پەرلەمانی کوردستان ئێستا کارا نییە."
دادوەر ئەحمەد ئەنوەر باسی لەوەش کرد، کە لەمەودوا دەستەی دەستپاکی سەرپەرشتی کەیسەکانی سپیکردنەوەی پارە دەکات و ئەوەی بە ئامادەبووانی دیدارەکەش گوتووە.