ئیحسان عەبدولعەزیز: گۆڕینی رابەر باش نییە

27-07-2016
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن بزووتنەوەی ئیسلامی
A+ A-

رووداو- ھەولێر

ئیحسان عەبدولعەزیز ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی و برای رابەری گشتی ئەو حیزبە گۆڕینی رابەری ئەو بزووتنەوەیە بە خراپ وەسف دەکات و دەڵێت:" دۆخەکە خراپتر دەکات".


بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 28-7-2016 لە شاری سلێمانی بزووتنەوەی ئیسلامی یازدەیەمین کۆنگرەی خۆی ببەستێت، ئیحسان عەبدولعەزیز، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوە و برای رابەری گشتی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئیحسان عەبدولعەزیز لە پەیامەکەیدا رایدەگەیێنێت:" کۆنگرە دەبێت وێستگەیەک بێت بۆ فراوانکردن، چاکسازی ، دڵدانەوە و بەگەڕخستنەوەی تواناکان لەپێناو کارکردن بۆ ئایندەیەکی باشتر. بەداخەوە لە کۆنگرەکانی پێشوو دۆخی بزووتنەوە گۆڕانکاریی نەوعی تێیدا رووینەداوەو ئەتوانم بڵێم پێشتر باشتربووە تا پاشتر!".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی بزووتنەوە دەڵێت: "ھیچ جموجوڵێکی ئیسلامی چاوەڕێی ئەوە نەبێت سەرکەوتووبێت ئەگەر ھەموو گرفت و کێشەکان نەباتەوە بۆ قورئان و سوننەت".

ئیحسان عەبدولعەزیز کە برای عیرفان عەبدولعەزیز رابەری ئیستای بزووتنەوەیە دەڵێت: "لە کۆنگرەی پێشووتریش بەئاشکرا بە ھەموولایەکم راگەیاند، کە گۆڕینی رابەر باش نییەو دەبێت گۆڕانکاری لە سیستەم بکەین نەک شەخس، بەڵام بەداخەوە گوێبیستمان نەبوون. ئێستاش کە ئەم کۆنگرە لە پێشە ھەرچەند تێبینیمان لەسەر ئەدای رابەر ھەبێت، بەڵام گۆڕینی دۆخەکە خراپتر دەکات".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی بزووتنەوە داوا دەکات کۆنگرە بکرێتە وێستگەیەک بۆ دادگایکردنی ھەموو بەرپرسانی چوار ساڵی حیزبەکەی.

ئیحسان عەبدولعەزیز نیگەرانی خۆشی بە بانگەشەی کاندیدەکان دەردەبڕیت و دەڵێت: "زۆر دڵگرانم بەوەی لەم ماوەیەدا دەبینم حیزبە ئیسلامیەکانیش وەک حیزبە عەلمانییەکانیان لێھاتووە لە ریکلامکردن بۆ خۆیان لەکاتی کۆنگرەو دیاری بەخشینەوە و گەرمکردنی ھاتووچۆ! کە ھەمووی دورە لە ئەخلاقی ئیسلامی".

بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان/عێراق  لە ساڵی 1987 لەلایەن ھەر دوو زانای ناوداری ھەڵەبجە عوسمان عەبدولعەزیز و عەلی عەبدولعەزیز دامەزراوە، تاوەکو ئێستا 11 کۆنگرەی بەستووە و بە درێژای تەمەنی ئەو بزووتنەوەیە کەسانی نێو بنەماڵەی ھەر دوو براکە کەسی یەکەم و رابەری گشتی ئەو حیزبە بوونە.

کۆنگرەی 11 بە بەشداری زیاتر لە 370 ئەندام لە شاری سلێمانی دەبەسترێت. ھەر یەک لە عیرفان عەبدولعەزیز رابەری ئیستای بزووتنەوە و کامیل حاجی عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بۆ پۆستی رابەری گشتی کاندیدن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە