داعش لە لیبیا شەڕێكی سەخت دەكات
رووداو - ئاژانسەکان
لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی سوپای لیبیا و چەکدارانی داعش لە میحوەری سابری و ئەلەیسی سەر بە شاری بەنغازی، دەیان چەکداری داعش کوژران.
رۆژی پێنجشەممە 27 ی ئابی 2015 ، سەرچاوەیەک لە سوپای لیبیا رایگەیاند" شەڕ و پێکدادانی سەخت لەنێوان سوپا و چەکدارانی داعش، لە میحوەری سابری و ئەلەیسی سەر بە شاری بەنغازی روویدا".
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، هێزەکانی سوپای لیبیا بە چەکی قورس و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپادا هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش، بەو هۆیەش دەیان چەکداری داعش لە شەڕەکەدا کوژراون.
سەرچاوە سەربازییەکەی لیبیا ئاماژەی بەوەش داوە، لە ئەنجامی هێرشەکەی سوپا و فڕۆکە جەنگییەکان، سەرەڕای کوژرانی ژمارەیەکی زۆری داعش لە ناوچەی سابری و ئەلەیسی سەر بە شاری بەنغازی، چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکی قورسی گرووپەكە تێکشکێندراون.
لە دوایین کۆبوونەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ئەندامانی ئەو کۆمکارە بە کۆی دەنگ بڕیاری هاوکاریکردنی حکومەتی لیبیایان لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش دا، داواشیان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، بڕیاری قەدەخەكردنی چەک لەسەر لیبیا هەڵبگرێت.