کەشناسی: پلەی گەرما دوو پلە دادەبەزێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی پلەی گەرما نزیکەی دوو پلە دادەبەزێت. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەڵێت، لە سێشەممە و چوارشەممەدا بەشێوەیەکی بەرچاو پلەی گەرما دادەبەزێت.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممە، ئەمڕۆ 27ـی ئابی 2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و خێرایی با بەشێوەی مامناوەند و بەخێرایی 15 بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا. لەبارەی پلەی گەرماشەوە رایگەیاندووە، "سبەی پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێت".
 
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو بەشێوەیەکی بەرچاو پلەی گەرما دادەبەزێت و هەوا فێنک دەبێت.
 
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی گوتی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، بەڵام وەکو شەپۆلەکانی رابردوو تاقەتپڕوکێن نابێت و گەرمایەکی ئاسایی هاوینە دەبێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی دووشەممە لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
 
- هەولێر: 40 پلەى سیلیزى
- سلێمانی: 38 پلەى سیلیزى
- دهۆک: 41  پلەى سیلیزى
- کەرکووک: 43 پلەى سیلیزى
- هەڵەبجە: 41 پلەى سیلیزى
- زاخۆ: 43 پلەى سیلیزى
- حاجی ئۆمەران: 25 پلەى سیلیزى
- سۆران: 39 پلەى سیلیزى
- گەرمیان: 43 پلەى سیلیزی