رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە و هەولێر رازێندراوەتەوە

27-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ) و لە کوردستان چەندین رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچن. بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر دەڵێت، شارەکە رازێندراوەتەوە و رێوڕەسمی بەرفراوان بەڕێوەدەچن و لە بازاڕدا ئاهەنگ سازدەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، رۆژی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ـە. تەیب زرار، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو بازاڕی هەولێر رازێندراوەتەوە؛ خەڵکی شارەکە گرنگیی زۆر بە مەولوود دەدەن، خێر دەکەن و شیرینی دەبەخشنەوە".
 
تەیب زرار گوتی، ئەمڕۆ لە زۆرینەی مزگەوتەکانی هەولێر مەولوود دەخوێندرێت و گوتیشی، "ئەمڕۆ لە مزگەوتی ساڵح دەباخ رێوڕەسمی فەرمیی بۆ مەولوودخوێندن بەڕێوەدەچێت و بەرپرسانی حکومەت و هاونیشتمانیان تێیدا بەشدار دەبن".
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر گوتی، "سەکۆیەکی زۆر گەورەمان لە نزیک چایخانەی مەچکۆ داناوە و کاژێر 09:00 ئاهەنگێک دەستپێدەکات و تاوەکو 12ـی نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت".
 
تەیب زرار گوتی، "خەڵکی هەولێر گرنگیی زۆر بە مەولوود دەدەن. بازاڕەکان دەڕازێنرێنەوە و شیرینی دەبەخشرێتەوە؛ مەولوود بۆ ماوەی مانگێکە و خەڵک لەم ماوەیەدا خێر دەکەن و شیرینی دەبەخشنەوە".
 
چەندین پەیامی پیرۆزبایی یادی مەولوود لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا هەڵواسراون؛ ساڵانە لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ ئەم یادە رێوڕەسمی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن.
 
ساڵانە لە 12ـی رەبیعول ئەوەل کە رۆژی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ)، موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان بە شێوەی جیاواز ئەو یادە دەکەنەوە و رێوڕەسمەکانی مەولوودیش لەنێو کورد بوونەتە شتێکی دانەبڕاو لە کولتووری گەلی کوردستان؛ نزیکەی 800 ساڵە لە هەولێر ئەم یادە دەکرێتەوە، کە جاری یەکەم لەلایەن سوڵتان موزەفەرەوە لە شارەکەدا کراوەتەوە.
 
سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری کوری زەینەدین عەلی کوچک لە موسڵ لەدایکبووە و 44 ساڵ کاروباری هەولێری بەڕێوەبردووە؛ زاوای سەلاحەدین ئەیوبی بووە و بەیەکەم کەسیش دادەنرێت کە مەولوودی داھێناوە.
 
سوڵتان موزفەرەدین کولتووری مەولوودی بۆ ھەولێر جێھێشت و لە ساڵی 1232 کۆچی دوایی کرد و داوایکردبوو لە چیای عەرەفە بە خاکی بسپێرن، بەڵام نەتوانراوە وەسیەتەکەی جێ بەجێ بکرێت و لە نەجەف لە گۆرستانی وادی سەلام بەخاک سپێردراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دابەشکردنی نەوتی ماڵان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سامانە سرووشتییەکان: 601 هەزار خێزان نەوتیان پێدراوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان دەڵێت، ئەوەی دابەشکراوە بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری پارێزگاکان بووە و قۆناخی دواتر لە سەنتەری پارێزگاکان دابەش دەکرێت.