رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان لە سەیدسادق دەستگیرکردووە کە فەرمانی دەستگیرکردنی لە هەولێر هەبووە. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، "تۆمەتبارەکە لە هەولێر خەڵکی کوشتووە و هەڵاتووە بۆ سەیدسادق".
ئەمڕۆ دووشەممە 27-11-2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەشی پۆلیسی سەیدسادق تۆمەتبارێكیان دەستگیر کرد، کە بەگوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی لە دادگەی لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمانە قەرەجن، پێشتریش دوو کەسمان لێ دەستگیرکردبوون؛ لە هەولێر خەڵکیان کوشتووە و هەڵاتوون بۆ ئەم سنوورە".
سەرکەوت ئەحمەد گوتی، دادگەی پارێزگای هەولێر بێت یان هەر پارێزگایەکی دیکە فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتباران دەربکات، بۆ هەر ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی هەڵاتبن دەستبەجێ لێكۆڵینەوە بۆ دەستگیرکردنی دەستپێدەکەن.
پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی تۆمەتبارەکەی بەمشێوەیە رایگەیاندووە، (س، د، ب لەدایكبووی 2002). راشیگەیاندووە، دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی سنووری هەولێر دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ