بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر: وەڵاممان تووند و یەکلاکەرەوە دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێرشەکەی سەر کۆرمۆر بە "تیرۆریستیی" ناودەبات و دەڵێت، "وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند دەبێت".
شەوی چوارشەممە هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەک کەوتەوە. بەڵام بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی و شایەتحاڵانی نێو کێڵگەکە کە بۆ رووداو قسەیان کرد، زیانی گیانی نەبووە.
رۆژی پێنجشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر رایگەیاند، "هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر جێگای قبوڵ نییە و بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین".
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "ئامانجی هێرشەکە زیانگەیاندنە بە گوزەرانی هاونیشتمانیانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەمان".
بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات، "وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند دەبێت و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانییانمان دەگرینەبەر".
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی هێزە چەکدارەکان دەڵێت، "چەک تەنیا دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت. ئەو میلیشیایانە کە لە دەرەوەی سەروەری یاسا کاردەکەن یان دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە یان لەناوببرێن".
هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە گەورەترین هێرش بۆ سەر کێڵگەکە دادەنرێت.