وەزیری کارەبا: لە 48 کاژێردا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و غازی ماڵان کێشەی بۆ دروست نابێت

27-11-2025
پەیمان محەممەد
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کارەبا دەڵێت هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، کاریگەری لەسەر نرخی گازی ماڵان نابێت. راشیگەیاند: ''ئەگەر تەنیا زیان بەر کۆگەیەک کەوتبێت، لە 24 کاژێر بۆ 48 کاژێری داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-11-2025، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ''کردەوەیەکی تیرۆریستی بوو و سەرکۆنەی دەکەین.''
 
کەمال محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، کێڵگەی کۆرمۆر زیاتر لە 530 ملیۆن پێ سێجا گازی بەرهەم دەهێنا و 15 وێستگەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان سوودیان لێ دەبینی، ''ئەم کارەبایە بۆ هەرێمی کوردستان و بەشێکی عێراقیش دابین دەکرا.''
 
تاوەکو ئێستا نازانرێت کامە لایەن لەپشت هێرشەکەیە. بەگوتەی وەزیری کارەبا، ''لایەنە ئەمنییەکان بۆ دۆزینەوەی بکەران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن. هەروەها جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوێنێ شەو تاوەکو 03:15 خولەک لەسەر هێڵ بوو و ئەم بەیانییەش لەگەڵ بەڕێز سوودانی قسەیان کردووە و لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە.''
 
هێرشەکە کاژێر 23:30 خولەکی دوێنێ شەو کرا. کەمال محەممەد ئاماژەی بە بڕی ئەو کارەبایە کرد کە بەهۆی هێرشەکەوە کەمیکردووە و گوتی، ''دوو هەزار و 700 تاوەکو سێ هەزار مێگاوات بەرهەمهێنانی کارەبا کەم بووەتەوە. ئێستا ئەو بڕەی هەیە، هەزار و 300 بۆ هەزار و 400 مێگاواتە.''
 
لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر جیا لە گازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، گازی ماڵانیش بەرهەم دەهێنرێت. وەزیری کارەبا گوتی: ''هەر دوێنێ شەو نووسراوێکمان بۆ وەزارەتی نەوت کرد کە بە زووترین کات گازی ماڵانمان بۆ دابین بکەن. ئەم بەیانییە بە تەلەفۆنیش قسەمان لەگەڵ کردن.''
 
وەزیری کارەبا دڵنیاییش دەداتە خەڵک کە ''بە هیچ شێوەیەک گازی ماڵان کێشەی بۆ دروست نابێت و نرخەکەی بەرز نابێتەوە.''
 
کەمال محەممەد سوپاسی هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکات و دەڵێت، ''پێموایە لەو نزیکانەدا، ئەمڕۆ تاوەکو بەیانی، بەڵینی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو گازە بنێردرێت بۆ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی گاز لەسەر ماڵان دروست نەبێت''.
 
وەک وەزیری کارەبا گوتی، وەزیری کارەبای فیدراڵیش پەیوەندی پێوە گرتوون و راگەیاندووە کە ''هەرچی پێویستە بۆ دابینکردنی کارەبا [هەرێمی کوردستان] ئێمە ئامادەین''.
 
کەمال محەممەد جەختی لەوە کردەوە، داواکاریی سەرەکیی هەرێمی کوردستان دابینکردنی سیستمێکی بەرگریی ئاسمانییە بۆ کێڵگەی کۆرمۆر، بۆ ئەوەی پارێزراو بێت لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، ''لەبەر ئەوەی کێڵگەکە لە خزمەت هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقدایە، پێویستە بە زووترین کات سیستمەکە دابین بکرێت.''
 
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و ئاگری کێڵگەکەش نزیکەی کاژێر 12:00 بۆ 12:30 خولەکی ئەمڕۆ کۆنترۆڵ کراوە. 
 
کەمال محەممەد لەبارەی قەبارەی زیانەکانیش گوتی، ''ئێستا چاوەڕێین تیمی ئەمنی کاری خۆیان تەواو بکەن، ئینجا تیمی تەکنیکی سەردانی کێڵگەکە دەکات بۆ دیاریکردنی قەبارەی زیانەکان.''
 
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا گوتی: ''ئەگەر زیانەکان تەنیا کۆگەیەک بێت، پێموایە بە زووترین کات لە 24 کاژێر بۆ 48 کاژێری داهاتوودا کێڵگەکە بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.''
 
کەمال محەممەد ئاماژەی بە موەلیدەکانیش کرد بۆ دابینکردنی کارەبای ئێستای هاوبەشان و گوتی، ''تیمی پڕۆژەی رووناکی بۆ ماوەی شەش مانگ گرێبەستی لەگەڵ موەلیدەکان کردووە، ئەو گرێبەستانە ماوەی یاسایی خۆیان تەواو دەکەن، هەر کاتێک کە ئێمە بینیمان کە هیچ پێویستیمان پێیان نەماوە، ئەوکاتە (هەڵدەوەشێنرێنەوە).''
 
وەزیری کارەبا زیاتر روونی دەکاتەوە کە تاوەکو ئیستا مانگانە هەر موەلیدەیەک کە گرێبەستیان لەگەڵی هەیە، ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بۆ دوو ملیۆن دیناریان پێدەدرێت، ''ئەوەش لەبری هاووڵاتییان، واتا هاوبەشان هیچ بڕە پارەیەکی نادەن، هەروەها موەلیدەکە هەر کاژێرێک کار بکات، 40 دینار [بۆ هەر هاوبەشێک] بە خاوەن موەلیدەکان دەدەین''. 
 
کەمال محەممەد ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا توانای دابینکردنی شەش تاوەکو هەشت کاژێر کارەبای نیشتمانییان بۆ هاوبەشان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە