رووداو – كۆیە
ئەو كورسییە كارەباییەی لەژێر هۆشمەنددا بوو، ژمارەیەك كادیری یەكگرتووی هێنایە قسە، بۆیە هۆشمەند بڕیاری دابوو كورسییەكەی ژێری بداتەوە یەكگرتوو، بەڵام دواتر بەرپرسێكی یەكگرتوو سەردانی كرد و داوای لێبووردنی لێكرد و بەڵێنیشی پێدا سەرجەم ئەو پۆستانەی لە فەیسبووك لەسەر ئەو بڵاوكرابوونەوە، رەش بكەنەوە.
هۆشمەند سەڵاح، ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتەیە كە بەسەر كورسییەوە لە خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردووی شاری كۆیەدا بەشداری كرد، وێنەكەشی كە لەبەردەم بارەگایەكی سووتاوی یەكگرتوو گیراوە، بەشێوەیەكی بەربڵاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە.
هۆشمەند كە خەڵكی كۆیەیە، پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتیی بەهێزی هەیە و خەڵكێكی زۆر دەناسێ و بەردەوام ئاگاداری باسوخواسی یەكدی هەن. ئەو، گەنجێكی چالاكی خوێندەوار و وەرزشدۆست و ئیسلامپەروەرە. ئێواران لە شەقام و جاددەكانی كۆیە بەرچاو دەكەوێ، بەسەر كورسییە كارەباییەكەیەوە لەتەك شۆستە و ئۆتۆمبێلەكانەوە دەڕوا. كە سڵاوی لێدەكەی بە دڵشادییەوە وەڵام دەداتەوە و دەكەوێتە قسەكردن.
هۆشمەند لە ماڵەوە دوور لە كورسییەكەی دانیشتووە و دەڵێ "رۆژانە كاتەكانم بە خوێندنەوە و پیاسەكردن و سەردانی هاوڕێیان و چوونە نێو یاریگاكان و فەیسبووك بەسەردەبەم. لەسەرووی ئەمانەوە لەهەر ناوەند و رێكخراو و شوێنێك كۆڕ و سەمینار و دانیشتنی زانستی هەبێ، لەوێ ئامادەم، نیو كاژێرێك بەر لە دەستپێكی كۆڕەكان لەماڵ بەڕێدەكەوم و لەشوێنی مەبەست پێشوازی گەرمم لێدەكەن و لە شوێنی تایبەت دامدەنێن".
هۆشمەند، گەنجێكی زیرەك و خۆشەویستی ناو هاوڕێیان و ناسیاوەكانیەتی، ئەگەرچی ئەندامی كارای كۆمەڵەی (رۆژ)ە بۆ خزمەتكردنی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام، دەڵێ "وەك هۆشمەند بیردەكەمەوە، بۆ خۆم دەژیم، دواجار منی باڵا بڕیار دەدەم بەشداری خۆپیشاندان بكەم، یا نا؟ لەبەرئەوە، بڕیارمدا بەشداری بكەم و دژی زوڵم و ستەم بوەستمەوە. بەڕاستی ناهەقی و بێڕێزی و سووكایەتی زۆرمان پێدەكرێ، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەبێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی كەمئەندامان، دەستیكردووە بەپاشەكەوتكردنی 60 هەزار لە مووچەی 150 هەزاریمان كە لەبنەڕەتدا مووچەكەمان كەم بوو، بەشی پێداویستییەكانی نەدەكرد. ئێوە ببینن بە دوو مانگ جارێك 90 هەزار وەردەگرین كە بەشی هیچ ناكات، بەداخەوە ئەو حوكمەتە لە نەهامەتییەكانی كەمئەندامان تێناگات".
هۆشمەند لە قسەكردن بەردەوامە و دەڵێ: "ئێمەی خاوەن پێداویستی تایبەتی خاوەن بیروهۆش، بیركەرەوەی دووربینانە، كێشەمان لەگەڵ حكومەت هەیە، ئەوان لەبەرانبەر ئێمەدا هزریان بەكارناخەن و بەهامان بۆ دانانێن، دەكرێ بڵێم: حكومەت و كەمئەندامان، هەریەكەمان لە دۆڵێكداین و شاخێكمان لەنێواندایە".
هۆشمەند یەكێك بوو لە خۆپیشاندەرانی 19ی مانگ و وێنەی خۆشی لە نێو خۆپیشاندەران بڵاوكردەوە. ئەو دەڵێت "ئەو دۆخە خراپەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتووە، كاریگەری بەسەر هەمووانەوە هەیە، بەڵام كەس وەك كەمئەندامان تووشی گرفت و نەهامەتی گەورە نەبووە، لەبەرئەوە وەك كەسێكی ئاسایی دوور لە هەموو توندوتیژییەك بەشداریم لە خۆپیشاندان كرد و خۆم بە جیاواز نازانم لە هیچ كەسێكی دیكە، لەهەرشوێنێ خۆپیشاندان و رێپێوان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بكرێ، من ئامادە دەبم بۆ وەرگرتنەوەی مافە خوراوەكانم".
هۆشمەند چاوی لەوەیە لە داهاتوودا دەسەڵاتی هەبێ. ئەو سەرۆكی ئیكوادۆر بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێت "لینین مۆرینۆ، سەرۆكی ئیكوادۆر، خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەسەر كورسییە، لە هەڵبژاردندا توانی 51%ی دەنگەكان بباتەوە و ئێستا ئیكوادۆر بەڕێوەدەبات. ئێمەش توانای بەڕێوەبردنمان هەیە، دەخوازم لە داهاتوودا دەسەڵاتم هەبێ، بۆ ئەوەی تەواوی پێداویستییەكانی كەمئەندامان جێبەجێ بكەم و خەونیان بگەیەنمە لوتكە، چونكە من لە كێشەكانیان تێدەگەم و دەزانم چییان دەوێ".
هۆشمەند لە كاتی قسەكانیدا نیكۆی چیچی بیردەكەوێتەوە كە گەنجێكی ئوسترالییە و دەڵێت "دەست و قاچی نییە، كەچی خاوەنی دوو كۆمپانیایە و كتێبی (ژیان بەبێ سنوور)ی نووسیوە كە 800 هەزار دانەی لێ فرۆشراوە و بۆ سەر چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوە. ئەو گەنجە هاوتەمەنی منە، ئەگەر كارئاسانی و هاوكاری هەبێ، ئێمەش دەتوانین كاری گەورە بكەین و داهێنان بكەین".
ئەو گەنجە كە لە گەڕەكی شەهیدانی شاری كۆیە دادەنیشێ، باوەڕی وایە خەڵكی زۆری لە پشتە و هاوكاریی دەكەن، بە زەردەخەنەوە دەڵێ "رووبەڕووی یەك حیزب دەبمەوە، لە خۆپیشاندانەكانیش كەس لێم نزیك نەدەبووەوە، بەڵكو خەڵك دەستخۆشییان لێدەكردم".
هۆشمەند سەڵاح، لە تەمەنی دوو ساڵییەوە بەهۆی بە هەڵە لێدانی دەرزی تووشی ئیفلیجی "شەلەل" بووە، نزیكەی 36 ساڵە بەبێ قاچەكانی درێژەی بە ژیان داوە. هۆشمەند، ژیانی هاوبەشی پێكنەهێناوە و بەدەم پێكەنینەوە دەڵێ "چەند كچم رازی كردووە، بەڵام ماڵەوەیان ئامادە نین و رێگری دەكەن شووم پێ بكەن".
كورسییەكەی حاجی كاروان
دوای بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكەی كۆیە، هۆشمەند وێنەیەكی خۆی لە فەیسبووك بڵاوكردەوە كە تێیدا لەبەردەم بارەگا سووتاوەكەی یەكگرتووی ئیسلامی دەردەكەوێ. لەسەر ئەوە، لەلایەن كادیرانی یەكگرتووەوە تانەی زۆری لێدرا و گوتیان حاجی كاروان، پەرلەمانتاری سەر بە یەكگرتوو ئەو كورسییەی بۆ كڕیوە، دەبووایە بەرگری لە بارەگای یەكگرتوو بكات، نەك وێنە لەگەڵ بارەگا سووتاوەكەی بگرێ. هۆشمەند لەو بارەیەوە دەڵێت: "دوای بڵاوكردنەوەی وێنەكەم، كادیرانی یەكگرتوو لە فەیسبووكەوە هێرشی زۆریان كردە سەرم و دڵیان رەنجاندم، بۆیە بڕیارمدا كورسییەكەیان بۆ بنێرمەوە، بەڵام رۆژی 21ی مانگ، بەرپرسی یەكگرتوو لە كۆیە، لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای ئاینی سەردانیان كردم و داوای لێبووردنیان كرد و رایانگەیاند كە پێویستە لایەنگرانی یەكگرتوو تەواوی پۆستەكانی فەیسبووك رەشبكەنەوە، هەروەها حاجی كاروان تەلەفۆنی بۆ كردم و داوای لێبوردنی كرد و گوتی نەدەبووایە ئەو كارەت بەرامبەر بكرێ و من ئاگاداری ئەو باسە نەبووم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ