قوباد تاڵەبانی فەرمانی کردنەوەی تەلەڤزیۆنەکانی NRT دەرکرد

27-12-2017
دەرباز ساڵح
نیشانەکردن NRT قوباد تاڵەبانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی 5 خاڵی، فەرمانی راگرتنی پەخشی تەلەڤزیۆنەکانی NRT هەڵوەشاندەوە. بەپێی فەرمانەکەش لەمڕۆوە رێگەیان پێدەدرێت دەست بە پەخش بکەنەوە. هاوکات شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئازادکرا.

سەرەتا فەرمانی راگرتنی پەخشی تەلەڤزیۆنەکانی NRT لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەفتەیەک بوو، بەڵام دوێنێ سێشەممە دوای تەواوبوونی ماوەی فەرمانەکە بۆ هەفتەیەکی دیکەش درێژکرایەوە، لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە NRT بە نایاسایی ئامێرێک بەناوی (TELEPORT) بۆ بڵاوکردنەوەی پەخشەکانی بەکاردێنێت.

هاوکات قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە ئامێرەکە کردووە و سێیەم خاڵی فەرمانەکەی بریتییە لە:  لەسەر کەناڵەکانی NRT  پێویستە بەڵگەی پێویست پێشکەش بە وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن کە ئامێری (TELEPORT) لەچوارچێوەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان بەکاردەهێنن.

جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێویستە کەناڵەکانی NRT پابەندبوونی خۆیان بە یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان دەرببڕن و رەشی هەرێمی کوردستان لەبەرچاوبگرن، هەروەها رێز لە بنەماکانی کاری رۆژنامەگەری و ئەرک و پیشەی رۆژنامەنووسان بگرن و، بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بپارێزن.
 
دووشەممەی رابردوو 18-12-2017، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە، خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی و تووندوتیژییان تێکەوت، بەهۆیەوە دەیان بارەگای حیزبی و حکومی و شوێنی گشتیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و قەزاکانی کۆیە و چەمچەماڵ لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندران، بەهۆی دروستبوونی پێکدادانیش زیانی گیانی هەبوو، دوو خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 130 کەسیش بریندار بوون.

دواتر لە 19 ی مانگدا بەتۆمەتی هاندانی خۆیشاندەران بۆ تووندوتیژی، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک پەخشی تەلەڤزیۆنەکانی "ئێن ئاڕ تی" راگرت، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەیان خۆپیشاندەر و ژمارەیەک رۆژنامەنووسی تەلەڤزیۆنەکانی ئێن ئاڕ تیش لەگەڵ پەرلەمانتار رابوون مەعرووف دەستگیرکران. 

دوێنێ سێشەممە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی بەکەفالەت بڕیاری ئازادکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرد، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە ئازادکرا، هەر دوێنێش پەرلەمانتار رابوون مەعرووف ئازادکرا. 

دەقی بڕیارەکە:






کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە