رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق بەرامبەر هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک بەردەوامە. ئوسامە نوجێفی و ئەرشەد ساڵحی بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەن و بە "پێشهاتێکی مەترسیدار" لە قەڵەمی دەدەن.
ئوسامە نوجێفی، ئەمینداری گشتیی پارتی موتەحیدوون، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "ئەو دەستدرێژییە ناڕەوایەی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە روونی ئاستی ئەو کینەیە نیشان دەدات کە لە مێشک و دڵی ئەو کەسانەدایە کە رازی بوون ببنە ئامرازێکی هەرزانی دەستی گەورەکانیان لە دەرەوەی سنوور."
نوجێفی لە پەیامەکەیدا وێڕای سەرکۆنەکردنی رووداوەکە، داوا دەکات بەپەلە لێکۆڵینەوە بکرێت و ئەنجامدەرانی ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.
ئەرشەد ساڵحی: ئەمە گۆڕانکارییەکی مەترسیدارە لە جەنگەکەدا
لەلایەکی دیکەوە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری لە لێکەوتەکانی ئەو هێرشە دەدات و دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک، گوزارشت لە پێشهاتێکی مەترسیدار دەکات لە رەوتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا."
ساڵحی لە پەیامەکەیدا داوای یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان دەکات بۆ ئەوەی عێراق لە ئاگری شەڕ و ململانێکانی ناوچەکە دووربخرێتەوە. هەروەها جەخت لە پێویستیی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەکاتەوە.
هەروەها حەیدەر عەلی فەیلی، سەرۆکی فراکسیۆنی کوردانی فەیلییە لە پەرلەمانی عێراق هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بە "دەستدرێژی بۆ سەر هێمایەکی دەستووری" ناودەبات و دەڵێت، ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی هەموو عێراق.
سەرۆکی فراکسیۆنی کوردانی فەیلی هاوسۆزیی تەواوی فەیلییەکان بۆ سەرۆک و گەلی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ