رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی دەڵێت، لەوکاتەوەی شەڕ دەستی پێکردووە، "پێنج جار هێرشکراوەتەسەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگیمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێ".
رۆژی یەکشەممە (29-3-2026)، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، لەسەرەتای شەڕی ناوچەکەوە 450 هێرشی درۆنی و مووشەکی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، لەنێویاندا پێنج جار هێرش کراوەتە سەر بارەگاکەی ئەو و دوێنێش ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک بە درۆن کراوەتە ئامانج.
لەبارەی ئەو هێرشە بەردەوامانە، سەرۆک بارزانی دەڵێت: "ئەمە بە ئیدانەکردن و تەلەفۆن چارەسەر نابێت."
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە "هەرێمی کوردستان هیچ کات بەشێک نەبووە لەو کێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک خەڵک هەن بەبێ ئەوەی کەس رێگرییان لێ بکات، تەرکیزی سەرەکییان ئەوەیە چۆن و بە چ رێگەیەک دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن."
سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی روون ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات و هێرشەکان بە "شەڕفرۆشتنێکی ئاشکرا و زووڵمێکی گەورە" ناودەبات.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "ئەمە بە ئیدانەکردن و تەلەفۆن و بروسکە و لیژنە چارەسەر نابێت. دەسەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەکلایی بکەنەوە؛ یان ئەوەتا رابگەیێنن کە لە توانایاندا نییە رێگری لەو گرووپە لەیاسادەرچووانە بکەن، یانیش دەبێ بە جدی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بکەن و ئیجرائاتی جدی بکەن."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی دڵنیایی دەداتە خەڵک و دووپاتی دەکاتەوە: "گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتییانە و دۆزی رەوای خۆی دەکات و هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێک نەیتوانیوە و ناتوانێت ئەو ئیرادەیە بشکێنێت."
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە لەو كێشە و گرژی و شەڕانەی لە ناوچەكەدا هەیە بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك خەڵك هەن بە بێ ئەوەی كەس ڕێگرییان لێ بكات، تەركیزی سەرەكییان ئەوەیە چۆن و بە چ ڕێگەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن و هەمیشە بەناهەقی پەلاماری هەرێم و پێشمەرگە دەدەن و دەبنە هەڕەشە لەسەر ژیان و سەقامگیریی خەڵكی كوردستان.
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو دەیانجار بە زوڵم و بە بێ پاساو بە درۆن و بە موشەك پەلاماری هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی پێشمەرگەیان داوە و خەڵكی بێگوناحیان شەهید و بریندار كردووە. لەوەتای ئەو شەڕەش دەست پێكراوە زیاتر لە 450 جار بە موشەك و بە درۆن هێرشیان كردۆتە سەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەر لەو ماوەیە پێنج جار هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای ئێمە، بەڵام بێدەنگەمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت. دوێنێش لە شاری دهۆك بە درۆن پەلاماری ماڵی سەرۆكی هەرێمیان داوە. بابەتەكە ماڵ یان بارەگای كەس نیە، هەموو شوێنێكی كوردستان و هەموو ماڵی كوردستانیان لای ئێمە بەهای هەیە.
ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێكی ئاشكران و زوڵمێكی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەكی گەورەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان و دەبێ چارەسەرێكی جددی و یەكلاكەوەرییان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەكردن و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن. دەستەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.
لێردەدا دووپاتی دەكەینەوە، گەلی كوردستان بە ئیرادەیەكی پۆڵایین بەرگری لە پەیامی ئاشتیانە و دۆزی ڕەوای خۆی دەكات و هیچ هەڕەشە و پەلامار و دوژمنێك نەیتوانیوە و ناتوانێ ئەو ئیرادەیە بشكێنێت.
مسعود بارزانی
29ی ئاداری 2026
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ