چارەنووسی خاڵ و خوشكەزایەك دوای 5 مانگ لە رفاندنیان ئاشكرا بوو

28-05-2018
دیمەن بورهان
نیشانەکردن کەرکووک داعش
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەركان رۆستەم، تەمەنی 50 ساڵ، لەگەڵ نوور بەهجەتی خوشكەزای كە تەمەنی 19 ساڵە، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە كە جلوبەرگی هێزە عێراقییەكانیان لەبەر بووە رفێندران، دوای پێنج مانگ لە رفاندنیان، كەسوكاریان لە پێگەكانی داعشەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت وێنە و ڤیدیۆی كوشتنی ئەو خاڵ و خوشكەزایەیان بینی و لە چارەنووسیان دڵنیابوونەوە.

ئەركان لە بنەماڵەیەكی كاكەیی شاری كەركووكە و خاوەنی چەندین شەهید و ئەنفالن. كەسوكارەكەی دانیشتووی سویدن، ئەركان خۆیشی وڵاتینامەی سویدی هەبوو، ماوەی چەند ساڵێك بوو گەڕابووەوە كوردستان و لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی نیشتەجێ بوو. ئەو بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری كردبوو، خاوەنی كوڕێك بوو بەناوی عەلی. ئەركان غەسالەی چەو و لم و حەوزی ماسیشی لەنێوان گوندی كۆبانی (عەرەب كۆی پێشوو) و تۆپزاوای سەر بە قەزای داقوق لە باشووری كەركووك هەبوو.

ئالان رۆستەم، برای ئەركانە و لە سوێد نیشتەجێیە. دوای زانینی هەواڵی كوژرانی برا و خوشكەزاكەی، لە سوێد پرسەی بۆ دانان.

ئەو بە (رووداو)ی گوت: "برا و خوشكەزاكەم بوونە قوربانیی ئایین و مەزهەبەكەیان كە كاكەیین. ئەوانیش وەكو چەندین هاووڵاتیی دیكەی كاكەیی بەهۆی ئاینەكەیان بەدەستی چەكدارانی داعش كوژران".

پێشتر باس لەوە دەكرا كە ئەركان بەهۆی شیعەبوونییەوە رفێندراوە، بەڵام ئالان ئەو دەنگۆیە رەتدەكاتەوە و دەڵێت: "ئەو قسانە دوورن لەڕاستییەوە. ئێمە بە بنەماڵە كاكەیین و لەسەر ئایینی خۆمانین". 

گوتیشی: "باوكم بە دەستی رژێمی بەعس لەسێدارە درا، برام ئەنفالە، ئەمانیش كاروانێكی دیكەن لە قوربانیەكانی بنەماڵەی ئێمە كە بەهۆی كاكەییبوونمانەوە بەسەرمان هاتووە".

ئالان لەبارەی رفاندنی براكەی گوتی: "براكەم كاسب بوو، هیچ كێشەیەكی نەبوو، رۆژی 25ی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، داعش ئەركانی برام و نووری خوشكەزام و كەسێكی دیكەی بەناوی نزار عومەر كە هاوبەشی براكەم بوو، لەسەر كارەكەیان رفاند، بەڵام نزار چونكە سوننە بوو، داعش دوای رۆژێك ئازادی كرد، كەچی بەهۆی ئەوەی برا و خوشكەزاكەم كاكەیی بوون، هێشتیاننەوە".

خێزانی ئەركان و نوور ماوەی پێنج مانگە لە پرسە و شیوەن گێڕاندان. ئێستاش بە بینینی وێنە و ڤیدیۆی گوللەبارانكردنیان باری دەروونییان زۆر خراپتر بووە. بنەماڵەكە لەو رۆژەی ئەركان و نوور رفێندراون، شوێن نەماوە رووی تێنەكەن بۆ ئازادكردنیان، بەڵام بێسوود بووە و لە رۆژی رفاندنیانەوە تاوەكو رۆژی بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی گوللەبارانكردنیان هیچ پەیوەندییەكیان بە خانەوادەكەیانە نەماوە.

نوور بەهجەت كە ماوەی چەند هەفتەیەك بوو بۆ سەردان بۆ لای خاڵی لە هەرێمی كوردستان گەڕابووەوە، ئەو رۆژە لەگەڵ خاڵیدا دەچێتە شوێنی كارەكەی و دەكەونە تەڵەی چەكدارانی داعشەوە.

رەجەب عاسی كاكەیی، چالاكڤان و سەرۆكی رێكخراوی میترا بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیریی یارسان لەبارەی چۆنیەتی رفاندنی خاڵ و خاڵۆزاكە بە (رووداو)ی گوت: "ئەركان لە بنەماڵەیەكی كاكەییە، چەند چەكدارێكی داعش بە جلی پۆلیسی ئیتیحادی عێراقی هاتوون بۆ لای حەوزی ماسییەكەی كە شوێنی كاری بووە، چەكدارەكان داوای خواردنیان لێكردووە، پێیانگوتبوون دەبێت بێن لەگەڵمان، ئیتر رفێندراون".

رەجەب كاكەیی گوتیشی: "راستە ئەركان كاكەیی بووە، بەڵام ئەو مەزهەبی خۆی گۆڕیبوو ببووە شیعە، تەنانەت چەندینجار ئەركان خۆیشی گوتوویەتی كە من شیعەم. زانیاریشم هەیە كە ئەمڕۆ دووشەممە حەشدی شەعبی لە ناوچەی تازە خورماتوو كە ناوچەیەكی توركمانی شیعە مەزهەبن، وەك وەفایەك پرسە بۆ ئەركان دادەنێن".

رەجەب كاكەیی لە حكومەت و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان نیگەرانە و دەڵێت: "ئەوەی جێی دڵگرانی ئێمەیە ئەم سنوورەی داقوقە كە پێشتر لە دوانزە گوندی كاكەیی پێكهاتبوو، ئێستا زۆربەیان چۆڵكراون، هەروەها لەدوای نەمانی پێشمەرگە و فەوجی كاكەییەكان و تەنانەت پەكەكەش كە لەوێبوون، ئارامی تێدا نەماوە و ژیانی خەڵكی ناوچەكە بەتەواوی لەمەترسیدایە، چونكە حكومەتی عێراق و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان ناتوانن خەڵكی ئەم سنوورە لە مەترسی و هەڕەشەی چەكدارانی داعش بپارێزن، بۆیە داوامان لە یوئێن كردووە بەهانای دانیشتووانی ئەم سنوورەوە بێت و مەترسی داعشیان لەسەر نەهێڵێت".

(رووداو) هەوڵی دا پەیوەندی بە نزار عومەر، هاوبەشەكەی ئەركان رۆستەمەوە بكات كە بەیەكەوە رفێندرابوون، بەڵام بەهۆی پرسەی هاوڕێكەی و خراپیی باری دەروونی و مەترسی لەسەر ژیانی ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك بكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە