قەیرانی ئاو لە کەرکووک؛ 'لەبەر بێ ئاوی خانووەکەمان دەفرۆشین'
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە بەشێکی گەڕەکەکانی کەرکووک کڕینی ئاو دەبێتە دیمەنێکی باو و دووبارە. لە بەشێکی گەڕەکی شۆراو، خەڵک بە تانکەر ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکەن.
دانیشتووانی گەڕەکی شۆراو دەڵێن، زیاتر لە 20 رۆژە ئاویان بۆ نەهاتووە و ناچارن دوو رۆژ جارێک بە 20 هەزار دینار تانکەرێک ئاو بکڕن.دانیشتووان جگە لە کڕینی ئاوەکە، گومانیشیان لەپاکییەکەی هەیە.
محەممەد قاسم، دانیشتووی شۆراوە و دەڵێت، "جاران دوو رۆژ جارێک دوو بۆ سێ سعات ئاویان دەدا عەیبی نەبوو، بەڵام ئەوە 20 رۆژە ئاومان بۆ نەهاتووە."
بەشێکی خەڵک هێندە هەراسانن بەدەست بێئاویەوە، خەریکن گەڕەکەکانیان جێدەهێڵن.
دایکی دارکۆ، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و باس لەوە دەکات، "لەبەر بێ ئاوی خانووەکە دەفرۆشین، منداڵەکانم جلەکانیان بردووە و رۆیشتوونەتە ماڵی باوکم خۆیان بشۆن."
ئیدارەی کەرکووک هۆشدارییەکی تووند دەدات لە مەترسیی کەمبوونەوەی ئاوی پڕۆژەکان، دابەزینی ئاوی بیرەکان و وشکبوونی بەشێکیان.
پارێزگای کەرکووک دەڵێت، لە مانگی تەمموز و ئاب رووبەڕووی کێشەیەکی گەورەی کەمئاوی دەبنەوە.
لەهەنگاوی یەکەمدا بۆ پاراستنی سامانی ئاو بڕیاریانداوە پلانی کشتوکاڵی هاوینە رەتبکرێتەوە و هەرچی حەوزی ماسی هەیە تێکبدرێن.
جیهان ئیبراهیم، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک لەوبارەیەوە دەڵێت، "دەبێت کشتوکاڵی هاوینە قەدەخە بکرێت و بۆیان نییە کشتوکاڵ بکەن و حەوزەکانی ماسیش دەبێت ئەوەی زیادەڕۆییە لاببرێت و مۆڵەتی حەوزی دیکەشیان پێنەدرێت، چونکە ئاوێکی زۆر لەو مەجالە بەفیڕۆ دەدرێت."
80%ـی گەڕەکەکانی کەرکووک پشت بە ئاوی زێی بچووک دەبەستن. بەشێکی دیکەی گەڕەکەکانیش ئاویان لە بەنداوی خاسەوە بۆ دێت، چەند گەڕەکێکیش ئاویان لەرێگەی بیرەوە دەست دەکەوێ.