رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی حاجی ئۆمەرانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زاوایەک بە چەقۆ سێ کەسی لە ماڵە خەزوورانی بریندار کرد.
خدر محەممەد، یەکێک لە بریندارەکانە و خەزووری هێرشکارەکەیە، بە رووداوی گوت، زاواکەیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دوێنێ بۆ سەردان هاتوونەتەوە: "ئەمڕۆ کاتێک کاروباری گەڕانەوەی دەکرد، پاسپۆرتی هاوژینەکەی کە کچی منە، بەنێو چاوانمدا کێشا و لەوێوە ئاڵۆزی دروستبوو".
بە گوتەی خدر محەممەد، زاواکەیان بە چەقۆ لە ئەو و دوو کچی دیکەی داوە و برینداری کردوون. دەشڵێت، "پێشتر هیچ کێشەمان نەبووە". بۆیە سکاڵای لەسەری تۆمار کردووە.
دکتۆر ئومێد مەمیخەلی، بەرپرسی بنکەی تەندروستیی حاجی ئۆمەران بە رووداوی گوت، کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ سێ بریندارەکە گەیێندرانە بنکەکەیان و دەرکەوت بە چەقۆ لێیان داوە.
بەرپرسی بنکەی تەندروستیی حاجی ئۆمەران باسی لەوە کرد، خدر محەممەدی تەمەن 50 ساڵ دوو چەقۆ لە مل و سنگی دراوە، دوعا خدر و هێڤی خدریش چەقۆ بە مل و سکیان کەوتووە. دەشڵێت: "دوای وەرگرتنی چارەسەر، رەوانەی ماڵەوە کرانەوە".
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی حاجی ئۆمەران بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا تۆمەتبار دەستگیرنەکراوە، بەڵام بازگەکان و بەشی نشینگە و پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران ئاگادارکراونەتەوە لەوەی رێگەی نەدەن بچێتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ