بەهۆی گیانلەدەستدانی 3 ژینگەپارێزەوە لە سنە دوو رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای گیانلەدەستدانی سێ ژینگەپارێز لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی چیای ئاویەری سنە، بە بڕیاری ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاکە راگەیێندرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تەممووزی 2025 پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، "دوابەدوای گیانلەدەستدانی سێ چالاکڤانی ژینگەپارێز، حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفینەژاد و خەبات ئەمینی کە بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی چیای ئاویەرەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمڕۆ بە بڕیاری ئارەش لهۆنی، پارێزگاری کوردستان دوو رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیێندرا."
پارێزگاری سنە پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "لەگەڵ ئەوپەڕی خەم و پەژارەیدا، لەدەستدانی تاڵ و دڵتەزێنی کۆچی دوایی سێ لە چالاکڤانانی دڵسۆز، بەپەرۆش و ئازای ژینگەپارێز، حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفینەژاد و خەبات ئەمینی کە لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی چیای ئاویەری سنە گیانی خۆیان بەخت کرد، بووە هۆی خەمێکی قووڵی بۆ خەڵکی کوردستان و خۆشەویستانی سرووشت لە سەرانسەر وڵات."
رێکخراوی ژینگەدۆستانی زاگرۆس ئەمڕۆ رایگەیاند، خەبات ئەمینی، یەکێک لەو ژینگەپارێزانەی رۆژی پێنجشەممە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی دارستانەکانی چیای ئاویەری سنەدا بە سەختی بریندار ببوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە گیانی لەدەستدا.
تاوەکو ئێستا سێ ژینگەپارێز بەهۆی ئەو رووداوەوە گیانیان لەدەستداوە.
شەوی یەکشەممەش چیاکۆ یوسفنەژاد، یەکێک لە برینداران گیانی لەدەستدا. رۆژی هەینی، 25ی تەممووزیش حەمید مورادی، پارێزەر و بەرپرسی ئەنجوومەنی (شنەی نەوژینی کوردستان) کە لە رووداوەکەدا بریندار ببوو و بۆ چارەسەرکردن لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە خەوێندرابوو، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
رۆژی 24ی تەممووزی 2025 ئاگرێکی گەورە چیای ئاویەری سنەی گرتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 150 هێکتار دارستان و پووش و پاوان سووتا.
ئاگرەکە کاژێر 12:30ی نیوەڕۆی پێنجشەممە کەوتەوە و تاوەکو ئێوارە بە هەوڵی ژینگەپارێزانی خۆبەخش و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سنە کۆنترۆڵ کرا، بەڵام 8 کەس لە ژینگەپارێزان بریندار بوون.