رووداو –KRP
شاندێكی هاوپەیمانی نیشتیمانی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوەو دەستپێشخەرییەكیان بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانی سیاسیی عێراق پێشكەشكرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـ 8ـ 2013 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ خوزەیر خوزاعی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵی و شاندێكی یاوەری لە هاوپەیمانی نیشتیمانیی عێراق كۆبووەوە.
شاندەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی پێكهاتبوون لە حەمید موعەلیم، نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و بەها ئەعرەجی، نوێنەری تەیاری سەدر و عەمار توعمە، نوێنەری حیزبی فەزیلە و خالد ئەسەدی و حەسەن سنێد نوێنەرانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی.
هاوپەیمانی نیشتیمانی دەستپێشخەرییەكیان بەدەستەوەیە بەناوی (ئاشتی كۆمەڵایەتی) بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان، بۆ ئەو مەبەستەش وێنەیەك لەو دەستپێشخەرییەیان پێشكەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی سەركردەی لایەنە سیاسییەكان بەشدار بێت، كە لە چوارچێوەی ئەو دەستپێشخەرییەدا لە داهاتوو دەبەسترێت.
لای خۆیەوە مەسعود بارزانی رایگەیاند، كە عێراق رووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەتەوە و بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە پێویستی بە هەموو جۆرە هەوڵێك هەیە.
گوتیشی: ئەزموونی رابردووی عێراق سەلماندوویەتی حوكمی عێراق بە پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی پێكهاتە و لایەنەكان سەركەوتوو نابێت، بەڵكو سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەنیا بە تێگەیشتن و بەشداری سەرجەم لایەنەكان دێتە دی.
بارزانی دەستپێشخەرییەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی بە گرنگ زانی و پشتیوانی خۆی بۆ سەركەوتنی دەربڕی و جەختی كردەوە "كورد لەگەڵ هەموو هەنگاوێكدایە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ