خواستی فێربوونی ئەسپسواری لەنێو کچانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەسپسواری لە کوردستان مێژوویەکی کۆنی هەیە، بەڵام وەکو وەرزش تازەیە، بەتایبەت بۆ کچان و ژنان. یانەی ئەسپسواریی سوارە بە کردنەوەی خولی راهێنانی ئەسپسواری، خەونی زۆر کچی لە بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێناوەتەدی.
 
لەو یانەیەدا راهێنان بە ئەسپی کورد دەکرێت. فێرخوازان بە شێوازی زانستی فێری ئەسپسواری و سوارچاکی دەکرێن. بەشێک لە گەنجان و مێرمنداڵان خەون بەوەوە دەبینن بە ئەسپی کوردی بگەنە فێستیڤاڵ و کێبڕکێ نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
 
راهێنەرانی یانەی ئەسپسواری سوارەی بۆکان لە هەوڵدان بە تێکەڵکردنی شێوازی نەریتی لەگەڵ زانستی ئەسپسواری، شێوازێکی جیاواز دابهێنن و بەو شێوازە لە فێستیڤاڵ و کێبڕکێکاندا توانای خۆیان بخەنەڕوو.
 
ئەسپی کورد بە بەهێزی، هێمنی و وریایی نێوبانگی دەرکردووە؛ ئەسپێک کە بە سەر، مل، چاو، کلک و پێیەکانی لە رەگەزەکانی دیکەی ئەسپ جیادەکرێتەوە و لە رابردوودا بۆ کاری سەخت و لە شەڕدا بەکارهاتووە. چالاکیی ئەم یانانە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئەسپی کورد و سواری بەو ئەسپە.