بەشێکی رێگەی کەرکووک - هەولێر لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی داخرا

28-08-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
خێوەتێکی لایەنگر و ئەندامانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای پێشکەوتوو و هێزە هاوبەشەکانی کەرکووک ـی پارتی، وێنە: محەممەد شکوور - رووداو
خێوەتێکی لایەنگر و ئەندامانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای پێشکەوتوو و هێزە هاوبەشەکانی کەرکووک ـی پارتی، وێنە: محەممەد شکوور - رووداو
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دژی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەشێکی رێگەی کەرکووک - هەولێریان داخست و ئاستەنگیان بۆ هاتووچۆ دروستکردووە، دوو خێوەتیشیان لەسەر رێگەکە هەڵداوە. 
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو ئەمڕۆ (دووشەممە، 28-8-2023) لە کەرکووکەوە گوتی "بەهۆی ئاستەنگەکە، شوفێران ناچارن بەنێو کۆڵانەکانی شۆراو و سۆنەگۆلی خۆیان بگەیەننە رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێر." 
 
ئەوانەی رێگەکەیان گرتووە و خێوەتیان هەڵداوە بە گوتەی هیوا حوسامەدین "لایەنگر و چەکدارانی حەشدی شەعبین بەتایبەتی سەرایای ئەهلی حەق، کە نووسینگەی کەرکووکیان بەشدارە و خۆیان سەرپەرشتیی ئەو خۆپێشاندانە دەکەن."
 
لە شەوی رابردووەوە ژمارەیەک لایەنگر و ئەندامانی حەشدی شەعبی چوونەتە سەر ئەو شەقامە سەرەکییەی بەشێکە لە رێگەی کەرکووک - هەولێر؛ سەرەتا سایدێکیان داخستبوو، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ ئەوەی دیکەشیان بەتەواوی داخستووە و، وەک خۆیان دەڵێن مانگرتنیان راگەیاندووە تاوەکو ئەو کاتەی بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە. 
 
هیوا حوسامەدین دەڵێ "دەنگۆیەک هەبوو گوایە؛ رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر کراوە بۆ گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک و کردنەوەی بارەگاکانی، پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تاوەکو کاری رێکخراوەیی و سیاسیی خۆی بکات، بەڵام لایەنگرانی حەشدی شەعبی دەڵێن نابێت رادەستی پارتی بکرێتەوە، لەکاتێکدا پارتی لەسەر ئەرک و بودجەی خۆی لە ساڵی 2012 دروستی کردووە و کۆمەڵێک خەرجیی تێدا کردووە."
 
لایەنگرانی حەشدی شەعبی و چەکدارەکانی ئەو گرووپە، شەوی رابردوو خێوەتێک و بەیانیی ئەمڕۆش خێوەتیکی دیکەیان هەڵداوە و هاتووچۆیان لە بەشێکی زۆری ئەو شەقامە راگرتووە.
 
بەهۆی ئەو خێوەتانە ئەگەر کەسێک ئێستا بییەوێت لە سلێمانییەوە بەڕێگەی کەرکووک بچێتە هەولێر، دەبێت بەنێو چەند کۆڵانێکی گەڕەکەکانی شۆراو و سۆنەگۆلی رێبکات تاوەکو لە گورگەچاڵەوە دەردەچێت.
 
هیوا حوسامەدین جەختی کردەوە لەوەی هەرچەندە ئاستەنگیان دروستکردووە، بەڵام هاتووچۆ لەنێوان هەولێر - کەرکووک یان سلێمانی - هەولێر بە رێگەی کەرکووک، نەوەستاوە.
 
پەیامنێری رووداو گوتیشی "هەرچەندە پۆلیس هەوڵیداوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەوەی رێگەکە بکەنەوە، فەرماندەکانی حەشدی شەعبیش ناوەناوە خێوەتەکان بەسەردەکەنەوە و ئاو و سەهۆڵیان بۆ دەبەن."
 
ژمارەی ئەوانەی شەوی رابردوو خۆپێشاندانیان کرد دەوروبەری 30 کەس بوون، کە بە بلۆک و بەرد و بەرمیل سایدێکی شەقامی سەرەکیی کەرکووک - هەولێریان داخست، بەوپێیە بارەگاکەی پارتی دەکەوێتە سەر ئەو شەقامە و لەکاتی داخستنیشدا، شەڕ و گرژی لەنێوان خۆپێشاندەرەکان و بەشێک لە شۆفێران روویدا. 
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو ئەوکاتە لە شوێنی خۆپێشاندانەکە ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەو رێککەوتنانەی کراون، بڕیارێک هەیە ئەو بارەگایە رادەستی پارتی بکرێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی لایەنە عەرەبی و تورکمانەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە، ئەم خۆپێشاندانە روویدا. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە