بەرپرسێکی پارتی لە کەرکووک: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەنێو بارەگاکانی خۆمان بانگەشە دەکەین

28-08-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ژمارەیەک لایەنگری حەشدی شەعبی خێمەیان هەڵداوە. وێنە: رووداو
ژمارەیەک لایەنگری حەشدی شەعبی خێمەیان هەڵداوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

درەنگانی شەوی رابردوو چەند ئەندام و لایەنگرێکی عەسایب ئەهلی حەق لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بە چەند کەرەستەیەکی سەرەتایی دژی رادەستکردنەوەی بیناکە بە پارتی، رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێریان داخست و ئاستەنگیان بۆ هاتووچۆی نێوان دوو پارێزگا دروستکرد.
 
مەروان عەلی، بەرپرسی چالاکییەکانی عەسایب ئەهلی حەق لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە نێو ئەو بارەگایە، ئەوە لێدانە لە ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی یاسا، ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی یاسا عەرەب و کورد و توکمانی پاراست و ئەمڕۆ بە ئاشتی و ئارامی دەژین، خۆپێشاندانمان ئەمڕۆ و سبەی و دواتریش بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرۆکوەزیران بڕیارەکەی دەگۆڕێت و ئەم بارەگایە تەنیا بۆ هێزە عێراقییەکان دەبێت."
 
ئەندام و لایەنگرانی عەسایب ئەهلی حەق شەویان لەبەردەم بارەگاکە رۆژ کردەوە و ئاو و پێداویستییان بۆ برا، وردە وردە ژمارەیان زیادی کرد، بەڵام لەسەر داوای پۆلیس پاشنیوەڕۆ دیوی هاتن بۆ نێو کەرکووکیان کردووە، بەرپرسانی عەسایب دەڵێن، "ئامانجیان نەپێکن، هەردوولا دادەخەنەوە."
 
یاسین شمەری، بەپرسی نووسینگەی دوبزی عەسایب دەڵێت، "ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێندرێتەوە، رۆژێک و 10 رۆژ و بە مانگ لێرە دەمێنین، وەکو دەیبینن ئێستا لایەکی رێگەکە کراوەتەوە و ئۆتۆمبێل پێیدا تێدەپەرێت، بەڵام ئەگەر حکومەت داواکارییەکەمان قبووڵ نەکات، شەقامەکانی دیکەش دادەخەین."
 
بەپێی رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی، ئەرکی لەپێشینەی کابینەی سودانییە، بەڵام هەرکاتێک گفتوگۆکان بەرەوپێش چووبن، رێگری و دژایەتییەکانیش سەرهەڵدەدەن.
 
لە کۆی 11 بارەگای پارتی لە کەرکووک، سیانیان سوپای عێراقی تێدا جێگیر کراون و هەشت بارەگاکەی دیکەشی بە داخراوی ماونەتەوە.
 
مەسعود مەلا پەروێز، کارگێڕی لقی 3ی پارتی لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "20 رۆژە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک نێردراوە، هێزە عێراقییەکان فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق جێبەجێ دەکەن و بەشێکیش لە بارەگاکان چۆڵ کراون، ئەو بارەگایانەی لە کەرکووک دەستیان بەسەردا گیراوە، موڵکی پارتین و دەبێت وەریانبگرینەوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەنێو بارەگاکانی خۆمان بانگەشە دەکەین."
 
تائێستا نە حکومەتی عێراق، نە ئیدارەی کەرکووک و تەنانەت نە حیزبە کوردستانییەکانیش لەسەر ئەو رووداوە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە