رووداو دیجیتاڵ
موەلیدەیەکی ئەهلی لەنێو چوار بینای حکومی و نزیک ماڵان کاردەکات و دووکەڵ و دەنگەکەی، خەڵک و فەرمانبەرانی بێزار کردووە و داوای گواستنەوەی دەکەن.
هەریەک لە فەرمانگەکانی دادپزیشکیی دەربەندیخان، ڤێتێرنەری، کۆمیسیۆن و ئاودێریی دەربەندیخان لە کۆنووسێکیان کە پێشکێشی دادگەیان کردووە، داوای گواستنەوەی دەکەن.
محەممەد مەحموود، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دەربەندیخان لە بەرنامەی بەرپرسیار دا گوتی: "دووکەڵ و دەنگەکەی، فەرمانبەران و سەردانیکارانمانی هەراسان کردووە. دیواری رەشکردووە و رۆنی پیسی لەسەر زەوی بڵاوکردووەتەوە."
خاوەنی موەلیدەکە، هۆکاری مانەوەی موەلیدەکەی لەو شوێنە، بۆ نەبوونی شوێن و زۆریی تێچووی گواستنەوە دەگەڕێنێتەوە.
عەلی حوسێن، خاوەنی موەلیدەکەش لە بەرپرسیار بەشداربوو، گوتی: " کاتێ لە 2014 موەلیدەکەم دانا تەنیا چەند ماڵێک نزیکم بوون، ئەویش بە پێدانی ئەمپێری خۆڕایی قەرەبووم دەکردنەوە، بەڵام دواتر ئەو فەرمانگانە هاتنە نزیکم، ئەو شوێنەش شارەوانی پێیداوم و ئێستا رازیم بیگوازمەوە لەسەر ئەرکی خۆم، بەڵام شوێن نییە."
لیژنەیەکی قایمقامیەتی دەربەندیخان، لەسەر سکاڵای فەرمانگەکان و دانیشتووانی نزیک ئەو موەلیدەیە، بەدواداچوونی کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، دووکەڵی زۆرە و بێدەنگ نەکراوە، بۆیە بڕیار دراوە بە گواستنەوەی.
هۆشیار محەممەد، نوێنەری سووتەمەنی و موەلیدە ئەهلییەکانی قایمقامییەتی قەزای دەربەندیخان، لە بەرپرسیار، گوتی: "بڕیار هەیە بۆ گواستنەوەی موەلیدەکە، نووسراومان بۆ شارەوانی کرد زەوی دابین بکەن، لە وەڵامدا گوتیان، زەوی نییە. ئێستا لە قایمقامییەتەوە هەوڵ دەدەین زەوی بۆ دابین بکەین و بڕیاریشە پڕۆژەی رووناکی بێتە دەربەندیخان، هەرکاتێک گەیشت، موەلیدەکان لادەبرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ