کێشە بۆ ئەو قوتابخانانەی ورمێ دروستبووە کە خێرخوازان دروستیان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

قوتابییانی گوندی بادکیی ورمێ بە حەسرەتەوە چاوەڕێی تەواوکردنی ئەو قوتابخانەیە دەکەن کە لەلایەن خێرخوازێکی شارەکەوە دروست دەکرێت. گوندی بادکی لەگەڵ شاری ورمێ تێکەڵ بووەتەوە و لە 20 هەزار دانیشتووی گوندەکە چوار هەزار و 300یان قوتابین. 
 
بادکی ئێستا تەنیا یەک قوتابخانەی پێنج پۆلی لێیە و زۆربەی قوتابییانی گوندەکە ناچارن بچنە نێو شار بۆ بەردەوامیی خوێندن.
 
محەممەد ئەلیاس وەتەندووست، قوتابیی گوندەکەیە، دەڵێت: قوتابخانەکەمان زۆر دوورە، بۆیە زۆر خۆشحاڵین کە ئەم قوتابخانەیە بە زوویی تەواوببێت. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی گوندی بادکی دەڵێت، نزیکەی 500 قوتابیی ئەو گوندە بەهۆی نەبوونی قوتابخانە وازیان لە خوێندن هێناوە و پێشبینی دەکات، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، ئەم ساڵ زیاتر لە هەزار قوتابیی دیکە واز لە خوێندن بهێنن.
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی قوتابخانە لە بادکی، دوو قوتابخانە لەلایەن خێرخوازانەوە و قوتابخانەیەکیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێوە دروست دەکرێن. ئەو قوتابخانانەی خێرخوازان دروستیان کردوون لە قۆناخی کۆتایی دان، بەڵام خزمەتگوزاری وەکو رێگە، ئاو و گازیان بۆ دابین نەکراوە.
 
کەمتر لە مانگێکی دیکە ساڵی نوێی خوێندن لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێدەکات و ئەگەر کێشەی دابیننەکردنی خزمەتگوزاری بۆ قوتابخانەکان چارەسەر نەکرێت، ساڵێکی دیکەش سوودوەرگرتن لەو قوتابخانانەی خێرخوازان دروستیان کردوون، دوا دەکەوێت.