لە شرنەخ زاوا لە زەماوەندەکەی خەوی لێکەوت
رووداو دیجیتاڵ
لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە شرنەخی باکووری کوردستان، دوای ئەوەی زاوا خەو دەیباتەوە و چەند جارێک دەیگرنەوە، لە کۆتاییدا دەبورێتەوە.
رووداوەکە چوارشەممە 27-8-2025 لە هۆڵێکی ئاهەنگی پارێزگای شرنەخ روویدا.
بوک و زاوا وەستابوون بۆ ئەوەی کێکی ئاهەنگەکە لەت بکەن، لەناکاو زاوا کۆنترۆڵی لەدەستدا و بەلادا چوو. جاری یەکەم بوک کۆنترۆڵی کرد و زاوا توانی خۆی بگرێتەوە، بەڵام جاری دووەم لە کۆنترۆڵی بووکیش دەرچوو، ئەوجارە خزمانی هاتن و زاوایان گرت. سەرئەنجام زاوا بوورایەوە و پەیوەندی بە ئەمبوڵانسەوە کرا.
دوای گەیشتنی تیمەکانی تەندروستی و ئەنجامدانی پشکنین، دەرکەوت کە زاوا ماوەی دوو شەو بەسەریەکەوە یەک خولەکیش نەخەوتووە.
زاوا بە تیمەکانی گوتووە، بەهۆی سەرقاڵی و راکەڕاکی ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکە، نەیتوانیوە بخەوێت.
زاوا هەرچەندە پێشتر گوتبووی خەو زۆری بۆ هێناوە و توانای وەستانی نییە، بەڵام بووک رەتیکردووەتەوە رێوڕەسمی لەتکردنی کێکەکەکە دوابخات.