روودا و- هەولێر
بەڕێوەبەری فێركردنی ئێواران لە وەزارەتی پەروەردە، دەڵێت خواستی گەڕانەوە بۆ خوێندن لە قوتابخانەكانی ئێواران ساڵ بەساڵ لەزیادبووندایە، بەرادەیەك هەموو ساڵێك تووشی گرفتی دابینكردنی شوێن دەبین، گوتیشی" لەهەندێ قوتابخانە ژمارەی قوتابیان دەگاتە 100 قوتابی لە پۆلێكدا".
بەپێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، 52475 قوتابی (40689 كوڕ، 11786 كچ) لە 216 قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ئێواران دەخوێنن كە پشكی شێر بەر پارێزگای سلێمانی كەوتووە.
خوێندنی ئێواران لە كوردستان مێژووەكەی بۆ ساڵانی هەشتاكان دەگەڕێتەوە، ئەوكات لە هەر پارێزگایەك قوتابخانەیەك هەبوو، ئامانج لە كردنەوەشی بەخشینی دەرفەت بوو بەو كەسانەی كە لە رۆژ ناتوانن درێژە بەخوێندن بدەن، بەڵام لەدوای راپەرین بەهۆی زۆریی خواست لەسەر گەڕانەوە بۆ خوێندن، ساڵ بەساڵ ژمارەی قوتابخانە و قوتابیان زیادی كرد.
ئیبراهیم رەزا، بەڕێوەبەری فێركردنی ئێواران لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت لەسەرەتای خوێندنی هەموو ساڵێك قوتابیان بە لێشاو روو لەقوتابخانەكانی ئێواران دەكەن، بەڵام دوای تاقیكردنەوەی كۆرسی یەكەم قوتابیەكی زۆر واز لەخوێندن دەهێنن "بۆمان دەركەوتووە بەشێكیان بەهۆی كەم توانایی و سەرقاڵییان بەكارەوە واز دەهێنن، بۆیە پێشنیازمان بۆ ئەنجوومەنی وەزارەت كردووە بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی وازهێنان بڕە پارەیەكی كەم لە هەر قوتابیەك وەربگیرێت".
ئەو قوتابیانەی ساڵانە روو لەخوێندنی ئێواران دەكەن دوو جۆرن، جۆرێكیان ئەوانەن كە دوای دابڕانێكی زۆر بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە دەگەڕێنەوە بەر خوێندن و جۆری دووەمیشیان ئەو قوتابیانەن كە بەهۆی زۆریی تەمەن و دووساڵ مانەوەیان لە پۆلێك مافی خوێندنیان لە قوتابخانەكانی بەیانیان نامێنێ.
ئیبراهیم رەزا دەڵێت زیادبوونی رێژەی قوتابی لە قوتابخانەكانی ئێواران ساڵانە دەگاتە زیاتر لە 10%، لە هەندێ قوتابخانە ژمارەی قوتابیان دەگاتە 100 قوتابی لەپۆلێكدا، گوتیشی "بۆ كەمكردنەوەی ئەو پاڵەپەستۆیە، پێویستمان بەكردنەوەی زیاتر لە 30 قوتابخانەی دیكە هەیە".
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری ئامادەیی شەبەنگی ئێوارانی كچان دەڵێت سەرەڕای گرفتی زۆری ژمارەی قوتابی گرفتی سەرەكیمان كەمیی مامۆستای میلاكە، چونكە سەرپەرشتیارانی قوتابخانەكانی ئێواران وەك پلە دوو سەیر دەكەن، تا قوتابخانەی رۆژ هەبێت مامۆستای میلاك بۆ ئێواران دابین ناكەن، بۆیە بەناچاری بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە پەنامان بردووەتە بەر مامۆستای وانەبێژ، گوتیشی "لەبەر كەمیی پارەی وانەبێژی گرفتی دەستنەكەوتنی مامۆستامان هەیە".
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت قوتابخانەكانی ئێوارانی كچان گرفتی زۆر زیاتریان لە قوتابخانەكانی كوڕان هەیە، چونكە بەشێكی زۆریان شوویان كردووە و بەهۆی گرفتی ماڵ و منداڵ و میوانەوە وەك پێویست ناخوێنن و بەردەوام داوای مۆڵەت دەكەن، گوتیشی "بەشێك لە قوتابیان تەنیا بۆ كات بەسەربردن دێنە قوتابخانە، بۆیە ئاستی خوێندن و رێژەی دەرچوونیان زۆر لاوازە".
ئیبراهیم رەزا دەڵێت بەدەیان جار گرفتی كەمیی میلاكیان بە بەرپرسانی پەیوەندیدار گەیاندووە، بەڵام كەس بە هانایانەوە نایەت، گوتیشی "ئێستا زیاتر لە 40%ی مامۆستایانی قوتابخانەكانی ئێواران مامۆستای وانەبێژن".
بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی ئێواران دەگۆڕدرێن
جگە لە گرفتی زۆریی ژمارەی قوتابی و كەمیی مامۆستای میلاك لە ئامادەییەكانی ئێواران، گرفتی كەمیی رێژەی دەرچوون و دەستێوەردانی حیزبی و واستەكاریش هەیە، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەم دیاردەیەش ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە ئەمساڵ بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانەكانی ئێواران بگۆڕێت كە زیاتر لە 4 ساڵە بەڕێوەبەرن.
ئیبراهیم رەزا دەڵێت گەندەڵی و بەرتیل لە هیچ مامۆستا و بەڕێوەبەرێك قبوڵ ناكەن، هەر كاتێك بزانن مامۆستا یان بەڕێوەبەرێك بە پارە و واستە و خزمایەتی و شتی دیكە قوتابی دەرچواندبێت سزای دەدەن، گوتیشی "لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەین، لەوانەیە زیاتر لە 50%ی بەڕێوەبەرەكان بگۆڕدرێن".
ئامادەیی مەحوی ئێوارانی كوڕان، قوتابخانەیەكی قەرەباڵغی ئێوارانە و ئەمساڵ 744 قوتابی هەیە.محەممەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری قوتابخانەكە پێیوایە هۆكاری سەرەكی كەمیی رێژەی دەرچوون لە قوتابخانەكانی ئێواران كەمیی میلاكە.
ئەو بەڕێوەبەرە هەرچەندە ساڵێكی ماوە بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزارەت بیگرێتەوە، بەڵام جێبەجێكردنی بڕیارەكە تەنیا لەسەر بەڕێوەبەرەكانی ئێواران بە نادادپەروەری دەزانێت و دەڵێت "جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە تەنیا بەسەر بەڕێوەبەركانی ئێواران جۆرێكە لە سووكایەتی".
سەبارەت بەدەستێوەردانی حیزبی و واستەكاری، محەممەد عەبدولڕەحمان دەڵێت "دووساڵ بەر لەئێستا دەستێوەردان و واستەكاری زۆر هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی چەند بەڕێوەبەرێك سزا دران، ئێستا دیاردەكە كەم بووەتەوە".
ئاكۆ سابیر عوسمان، سەرپەرشتیاری پسپۆڕی كۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی سەرپەرشتیاری پەروەردەی ناوەندی هەولێر، رایگەیاند سەردانی چەند قوتابخانەیەكی ئێوارانیان كردووە و بۆیان دەركەوتووە بەشی زۆری قوتابیان هیچ بەشدارییەكیان لەنێو پۆلدا نییە و دەریشدەچوێندرێن. گوتیشی "دەرچوون ئەوەندەی بەواستەكاری و پاڵپێوەنان و بەرتیلە ئەوەندە لەسەر بنەمای خوێندن نییە، ئەمەش ئەنجامەكەی لە ئەزموونە گشتییەكانی 12ی ئامادەیی بەڕوونی دەردەكەوێت كە رێژەی دەرچوون زۆر لاوازە لە قوتابخانەكانی ئێواران".
ئاكۆ سابیر عوسمان دەڵێت تەواوی ئەم گەندەڵیانەم بەبەڵگەوە بەسەرووی خۆم و خودی وەزیری پەروەردەش گەیاندووە، خۆشبەختانەش ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزارەت وەك دەستپێك بڕیاری لادانی ئەو بەڕێوەبەرانەی داوە كە 4 ساڵ بەسەر خزمەتیاندا تێپەڕیوە.
بەڕێوەبەری فێركردنی ئێواران سەبارەت بە رێژەی دەرچووانی قوتابیانی ئێواران لە ئەزموونە گشتییەكانی 12ی ئامادەیی و تاقیكردنەوەی نیشتمانی 9ی بنەڕەتی، گوتی "رێژەی دەرچوون زۆر لاوازە و 3% تێپەڕ ناكات، ئەم رێژەیە بەراورد بە خەرجیی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندنی ئێواران و ماندووبوونی مامۆستایان زۆر كەمە، بۆیە ئەم پرسە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاترە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ