بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئێران بۆردوومانی چەند بنکە و بارەگایەکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کرد، بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 24 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە سەر کۆیە، زڕگوێز و شێراوە و جگە لە گیانلەدەستدانی چەند پێشمەرگەیەکی حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سڤیلیش لەنێو کوژراو و بریندارەکاندا هەن.
ئارام مودەریسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەیانیی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوار ماڵ و بارەگا" زیانیان پێگەیشتووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، جگە لە کۆیە، زڕگوێز و شێراوە، لە سنووری قەڵادزێش بۆردوومان هەبووە.
تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوە کرد "بە 22 مووشەک" بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە بۆردوومان کراون.
بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاژێر 10:30 خوولەک بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد و تاوەکو ئێستاش ناوبەناو بەردەوامییان هەیە.
لە بۆردوومان و مووشەکبارانەکاندا بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، قوتابخانە و خەڵکی سڤیلیش کراونەتە ئامانج.
