کۆنفرانسی هاوبەشی ژینا: بۆ گەیاندنی دەنگی کورد پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهێز بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە 28ی ئەیلوولی 2025، کۆنفرانسێکی هاوبەش بە بەشداریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین کەسایەتیی سەربەخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو. لە راگەیێندراوی هاوبەشی کۆنفرانسەکەدا جەخت لە هاودەنگی و هاوپەیوەندی نێوان حیزبە سیاسی و چالاکانی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە.
کۆنفرانسی هاوبەشی حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای کۆنفرانسەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆنفرانسە، پشتیوانی زیاتر و بەهێزتر کردنی بزووتنەوەی «ژینا- ژن، ژیان، ئازادی» و دروستکردنی هاودەنگی و هاوپەیوەندی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە بەشدار بووەکانی ناو بزووتنەوەی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی بوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، نوێنەری پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک)، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کومەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی دیموکراتی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کومەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستان بەشدار بوون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە کۆنفرانسەکەدا جەخت لەسەر چەند داواکارییەک کراوەتەوە، لەوانە؛ "بزووتنەوەی «ژینا- ژن، ژیان، ئازادی» جووڵانەوەیەکی زیندووە لە رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران و هەموو لایەنێک هەوڵ دەدەن بۆ بەشداری کاراتر تێیدا و هەوڵدان بۆ سەرخستنی ویست و داخوازی شەهیدان و قوربانییانی ئەم شۆڕشە."
هەروەها داواکراوە هاودەنگی و هاوپەیوەندی نێوان حیزبە سیاسی و چالاکانی کۆمەڵایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوە بەهێزتر بکرێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام پێش بخرێت و داواکاری و دەنگی رەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە پێشتر بگەیێندرێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە کار بکرێت بۆ ئازادی هەموو زیندانییانی سیاسی و بەتایبەتی زیندانییانی شۆڕشی ژینا- ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها کاربکرێت بۆ "هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی زیندانییانی سیاسی لە ئێران لەوانە: پەخشان عەزیزی، شەریفە محەممەدی و وریشە مورادی و هەموو ئەو کەسانەی بە تۆمەتی سیاسی و جۆراوجۆر حوکمی ئیعدامیان بەسەدرا سەپاوە."