بافڵ تاڵەبانی بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی: کۆبوونەوەکەی پیرمام زۆر باش بوو

رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی گوتووە: " کۆبوونەوەکەم لە پیرمام زۆر باش بوو".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، زۆرترین کاتی کۆبوونەوەکە بۆ ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پیرمام تەرخانکرا.
 
سەرۆکی یەکێتی بە وردی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی خستەڕوو، کە تایبەت بوون بە پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
سەبارەت بە پێکهێنان یان دواخستنی کابینەی دەیەم بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەمە کەوتووەتە سەر گفتوگۆکانی داهاتووی پارتی و یەکێتی.
 
رێباز بێرکۆتی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 16ـی رووداو  گوتی: " کۆبوونەوەکەی پیرمام لووتکە و ئەرێنی بوو. پێویستە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خێراتر بکرێن."
 
بێرکۆتی سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستە سەرۆکایەتییەکان بە رووداوی گوت: "دەبێ هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستەکان هەبێت."
 
ئەمڕۆ کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆ، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوو تەوەری کۆبوونەوەکە بوون.