دوو ساڵە شاری بانە رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی بووەتەوە؛ خێرخوازان بیر لێدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
شاری بانە لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو ساڵە کێشەی کەم ئاوی هەیە. ئەم ساڵ کێشەکە زیاتر بووە. دانیشتووانی شارەکە لە کەمتەرخەمی بەرپرسان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نیگەرانن.
پار چالاکڤانانان هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو راگەیاند. هەروەها ئەنجوومەنی "پاژین" لە ساڵی 2021 سکاڵایەکیان بە واژۆی نزیکەی 24 هەزار کەس تۆمار کرد داوای چارەسەری کێشەی ئاویان کردووە، بەڵام کێشەکە هەر بەردەوامە.
لە 24 کاژێردا چەند کاژێرێکی کەم ئاو هەیە، دانیشتووانی شارەکە دەڵێن، ئاوەکە نەک هەر کەمە، بەڵکو بە کەڵکی خواردنەوەش نایەت.
بەهۆی قەیرانی ئاوەوە، چەند خێرخوازێکی بانە، ژمارەیەک بیری ئاوی خواردنەوەیان لێداوە.
چەند مانگێکە گواستنەوەی ئاوی بەنداوی چراغ وەیس لەسەقز بۆ بانە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاو نەگەیشتووەتە بانە و پڕۆژەکە تەواو نەکراوە.
دانیشتووانی شارەکە داوا لە بەرپرسان دەکەن، بەر لەوەی کێشەکە کارەساتی لێبکەوێتەوە، بە زووترین کات چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بدۆزنەوە.