بەربژێرە کوردەکەی سەرۆکی شارەوانیی کوێلنی ئەڵمانیا سەرنەکەوت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی شارەوانی کوێلن لەنێوان بەربژێرێکی کورد لە پارتی سەوزەکان و بەربژێرێکی دیکە لە پارتی سۆسیال دیموکرات بەڕێوەچوو. بەربژێرەکەی پاتی سۆسیال دیموکرات سەرکەوتنی بەدەستهێنا. 
 
رۆژی یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی شاری کوێلنی هەرێمی نۆردراین فێستڤاڵن بەڕێوەچوو. لە خولی یەکەمدا بێریڤان ئایماز، بەربژێری پارتی سەوزەکان و تۆرستن بەمەستەر، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکرات، یەکەم و دووەم زۆرترین دەنگیان لە هەڵبژاردنەکە بەدەستهێنا. 
 
لە خوولی دووەمدا، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکرات 53.55٪ و بەربژێرە کوردەکەش 46.45٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، بێریڤان پیرۆزبایی لە رکابەرەکەی کرد. 
 
بێریڤان ئایماز، ساڵی 1972 لە چەولیکی باکووری کوردستان لە خێزانێکی سیاسی لەدایکبووە، ساڵی 1978 چوونەتە ئەڵمانیا. ساڵی 2017 بووەتە پەرلەمانتاری هەرێمی نۆترینگس فالن و یەکەمین جێگری سەرۆکی پەرلەمانە لە هەرێمەکەدا کە پێشینەی کۆچبەری هەیە.
 
رۆژی 14ـی ئەیلوولی 2025، خوولی یەکەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن بەڕێوەچوو کە زۆرترین دانیشتووانی لە ئەڵمانیا هەیە. 
 
لەو هەڵبژاردنەدا پارتی یەکێتیی کرسیتیان دیموکرات 34٪ـی دەنگەکانی بردەوە، ساڵی 2020، 34.3٪ـی دەنگەکانی بردبووەوە. هەروەها، پارتی سۆشیال دیموکرات 22.5٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا، هەڵبژاردنی رابردوو 24.3٪ـی دەنگەکانی بردبوو. 
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 16.5٪ـی دەنگەکانی بردەوە، هەڵبژاردنی پێشوو 5.1٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. پارتی سەوزەکانیش 11.5٪ـی دەنگەکانی برد، هەڵبژاردنی رابردوو 20٪ی بردبووەوە. 
 
نزیکەی 20 هەزار بەربژێر رکابەرییان لەسەر 427 پۆستی شارەوانی هەرێمەکە دەکرد. بۆ سەرکەوتن، هەر بەربژێرێک پێویستی بە بردنەوەی زیاتر لە 50٪ی دەنگەکانی ناوچەکەیەتی. ئەگەر نا، پێویستە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان دوو بەربژێردا بکرێت کە لە ناوچەکە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. 
 
نزیکەی 13.7 ملیۆن کەس لەو هەرێمەی ئەڵمانیادا مافی دەنگدانی هەبوو. هەر بەربژێرێکی سەرکەوتووش پێنج ساڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.