رووداو - کەمپی خازر
خانەوادەیەكی 12 کەسی كورد، كە خێزانێکی هەژارن و هەفتەیەکە لە سنووری نەینەواوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بەهۆی سێ منداڵی ناوازەیانەوە، بەنیازن مێژووێک بۆ خۆیان و کوردستانیش تۆمار بکەن، ئەوان دەیانەوێ بەهۆی درێژی برژانگی منداڵەکانیانەوە، نێویان بچێتە نێو کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان.
ئەوان نزیکەی 30 مانگ لەژێر دەستی داعشدا ژیاون، وەک باوکی منداڵەکان باسی لێوەدەکات، تاکە شتێک چەکدارانی داعشی سەرسام کردبێت، درێژی برژانگی منداڵەکانی بووە.
هەرچەندە درێژی برژانگی ئەو منداڵانە لە 5 سانتیمەتر تێپەڕیوە، بەڵام پێشتر چەند جارێک لەلایەن دایک و باوکیانەوە برژانگەکانیان بڕاون، بۆ ئەوەی ئازاری چاویان نەدات و رێگە لە بینینیان نەگرێت.
ریکۆردی درێژترین برژانگ کە لە کتێبی گینسدا تۆمارکرابێت، 8 سانتیمەترە، بەڵام خاوەن درێژترین برژانگی ئەم خانەوادەیە کە دەیتوانی ریکۆردەكە بشکێنێت، ئێستا لە ژیاندا نەماوە. دایک و باوکی منداڵەکانیش دەڵێن، ئەگەر برژانگیان نەبڕن، دڵنیان لەوەی زیاتر لەو ژمارە پێوانەییە دەبێت.
رووداو پەیوەندی بە نووسینگەی میدیایی كتێبی گینسەوە کرد، ئەوان رایانگەیاند دەکرێت ناوی ئەو منداڵانە لە ماڵپەڕی فەرمی گینسدا تۆمار بکرێت و، لە داهاتووشدا ئەگەر ریکۆردەکە بشکێنن، ئامادەن سەردانی باشووری کوردستان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ