رۆژهەڵاتی كوردستان.. چاندنی داربەڕوو لەجیاتی سەهۆڵاو

28-11-2014
فواد حەقیقی
نیشانەکردن داربەڕوو رۆژهەڵاتی كوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

بۆ رزگاركردنی دارستانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، چالاكانی ژینگەپارێزی لە شاری جوانڕۆ كەمپینێكیان سازكردووە بۆ چاندنی داربەڕوو كە بەردەوام ژمارەیان لە كەمبوونەوەدایە.

كەمپینی بەڕوو لەلایەن عەتا قادری، بەرپرسی ژینگەپارێزی شاری جوانڕۆوە پێشنیاز كرا. دواتر ئەنجوومەنی سەوزی ماپریسی جوانڕۆش پشتگیری كرد. عەتا قادری گوتی "ئامانجی ئەو كەمپەینە رێگرتنە لە نەخۆشكەوتن و لەنێوچوونی دار بەڕووەكان. بەشێكی زۆر لە دار بەڕووەكانی پارێزگای ئیلام تووشی نەخۆشی هاتوون، ئەم نەخۆشیەش لە هەندێ شوێنی پارێزگای كرماشانیش پەیدا بووە".

لەو كەمپەینەدا دەبێت هەر كەسێك سێ كەس بۆ كەمپەینەكە بانگهێشت بكات. هەر یەك لەوانیش دەبێت سێ بەڕوو بچێنن. یان هەر دارێكی دیكە كە لەگەڵ كەشوهەوای شوێنەكەدا گونجاو بێت. بۆئەوەی كەمپەینەكە زیاتر پەرە بستێنێ، هەریەك لەو سێ كەسە دەبێت سێ كەسی دیكە بانگهێشت بكات.

ئومێد ئەحمەدیان، بەرپرسی ئەنجومەنی ماپریس، دەڵێ "پێشتر كەمپەینی سەهۆڵاو هەبوو، بۆیە ئێمەش لەم چوارچێوەیەدا بیرمان كردەوە شتێكی هاوشێوە بۆ ژینگە بكەین". كەمپەینەكە تەنیا لە شاری جوانڕۆدا سنووردار نەبووە. ژینگەپارێزان لە شارەكانی مەهاباد، مەریوان، سنە و تەنانەت سلێمانیش بانگهێشتی كەمپەینەكە كراون و ئەوانیش پێیەوە پەیوەست بوون.

بەگوتەی عەتا قادری، ئەوان بۆ پێشگیری لە لەنێوچوونی دارستانەكان ساڵی پار خولی راهێنانیان بۆ دەیان منداڵ كردووەتەوە و دواتر بەڵگەیەكیان پێداون تاوەكو هەر كەسێك دارێكی بڕی یان ژینگەی پیس كرد بەشێوەی سەمبۆلیك سزای بدەن.

تەنیا لە ناوچەی جوانڕۆ ئەمساڵ 20 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكاندا روویداوە. جگە لە ئاگر مەترسییەكی دیكەش هەڕەشە لە دارستانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات كە ئەویش داگیركردنی دارستانەكانە لەلایەن خەڵكەوە. چالاكانی ژینگەپارێز دەڵێن، كەسانی بەرژەوەندیخواز دارستانەكان دەبڕنەوە و لە شوێنەكانیان خانووبەرە دروستدەكەن.

ئومێد ئەحمەدیان دەڵێ ئەوان وەك ئەنجومەنی ماپریس سكاڵایەكیان سەبارەت بە داگیركردنی دارستانەكان لەلایەن كەسانی بەرژەوەندیخوازەوە لە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكان تۆمار كردووە. ئەحمەدیان  بە (رووداو)ی گوت ئەوان بەڵگەشیان لە بەردەستە كە كەسانێك دارستانەكان بۆ كاری كشتوكاڵی دەبڕنەوە.

بەڵام ئەو چالاكە ژینگەپارێزە زۆر بەهیوا نییە كە بتوانن كەیسەكەیان ببەنەوە. چونكە پێشتریش كەسانێك كە كەیسی داگیركردنی زەوییان هەبووە، بە پارە خۆیان لە سزا دەرباز كردووە.
 دیاردەی لەنێوبردن و داگیركردنی دارستانەكان لە زۆر لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبینرێ.

چەند رۆژ پێش ئێستا 12 پارێزگاری زاگرۆسنشین لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوە و رێككەوتننامەیەكیان بۆ رزگاركردنی دار بەڕووەكانی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس واژۆ كرد. زنجیرە چیاكانی زاگرۆس دەكەوێتە رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای ئێرانەوە. پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەموویان لە پارێزگا زاگرۆسنشینەكانن.

ناوچەی زاگرۆس نزیك بە سی ملیۆن هێكتار رووبەری هەیە و 40%ی ئاوی ئێران لەوێوە سەرچاوە دەگرێ. بۆیەشە رۆڵێكی گرنگی لە زیندووراگرتنی ژینگەی ئێراندا هەیە. لە پارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، دار بەڕووەكانی پارێزگای ئیلام زیاتر لە هەمووان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە. لەم پەیوەندییەشدا ئاماری جیاواز بڵاو دەبێتەوە. شارەزایان دەڵێن: لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردوودا نزیكەی 100 هەزار هێكتار كە زیاتر لە یەك لەسەر شەشی كۆی دارستانەكانی ئیلام دەكات، بە هۆكاری ناسروشتی لەنێوچوون.

دارستانە بەڕووەكان 527 هەزار هێكتار لە رووبەری پارێزگای كرماشانیان داپۆشیوە. عەتا قادری باسی لەوەش كرد كە ئەوان فەرمانبەری پێویست و تەنانەت بودجەی پێویستیان بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانیان نییە. بۆیە ناچارن قۆناغ بە قۆناغ كارەكانیان راپەڕێنن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە