رووداو- دهۆك
دادگای تاوانەكانی دهۆك سكاڵای ئەو 300 هاووڵاتیەی یەكلایی كردەوە كە لەسەر د.روشدی سەعید، خاوەنی كۆمپانیای عادل موتەحیدە تۆماریان كردبوو. دادگا سزای 180 ساڵ بەندكردنی بۆ خاوەنی كۆمپانیاكە دەركرد.
دوای راگەیاندن و دەستبەكاربوون لە پرۆژەیەكی گەورەی نیشتەجێكردن بەناوی پرۆژەی دەشتی بەهەشت لە شاری هەولێر لەلایەن كۆمپانیای عادل موتەحیدە، كۆمپانیای ناوبراو لە ساڵی 2013 پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونی لە شاری دهۆك بەناوی ستی ستارز راگەیاند، بەڵام پرۆژەكە بەنیوەچڵی بەجێما.
باوكی ئەحمەد، بە رەنج و ماندووبوونێكی زۆر 30 هەزار دۆلاری كۆكردەوە. پارەكەی خستە دەستی خاوەنی كۆمپانیای عادل موتەحیدە بۆ ئەوەی شوقەیەك لە پرۆژەی ستی ستارز بكڕێ، بەڵام دوای هەڵاتنی خاوەنی كۆمپانیاكە، باوكی ئەحمەد لەو باوەڕەدا نییە تازە نە ببێتە خاوەنی شوقە و نە پارەكەی دەست بكەوێتەوە.
بەختیار ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە دهۆك دەڵێت، ئەوانەی هاوشێوەی باوكی ئەحمەد زەرەرمەند بوون، بەبێ ئاگاداری ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ وەبەرهێنەر كردووە. بەختیار گوتی "ئەو هاووڵاتیانەی گرێبەستی باوەڕپێكراویان هەیە، لای ئێمە كێشەیان چارەسەر دەكرێت، بەڵام ئەوانەی گرێبەستیان نییە دەبێ لە دادگا كێشەكەیان چارەسەر بكەن".
زیاتر لە ساڵێكە كاركردن لە پرۆسەی ستی ستارز وەستاوە، ژمارەیەك لەو هاووڵاتیانەی گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای عادل موتەحیدە كردووە، سكاڵایان لەسەر خاوەنی كۆمپانیاكە تۆمار كردووە.
دادوەر بەهزاد ئەترۆشی، دادوەری دادگای كەتنی دهۆك بە (رووداو)ی راگەیاند "300 هاووڵاتی سكاڵایان لەدژی خاوەنی كۆمپانیای عادل موتەحیدە تۆمار كردووە كە زۆربەیان عەرەبن و دۆسیەكەشیان لە دادگا یەكلایی كراوەتەوە".
ئەو دادوەرە دەڵێت، ئەو هاووڵاتیانە بەپێی ماددە 456 لە یاسای سزادانی عێراقی كە تایبەتە بە قۆڵبڕین، سكاڵایان تۆمار كردووە. گوتیشی "خاوەنی كۆمپانیاكە بە غیابی بۆ هەر سكاڵایەك بە شەش مانگ حەپسكردن سزا دراوە".
بەو پێیە بێت، دەبێ خاوەنی كۆمپانیاكە 180 ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە.
بەختیار ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان دەڵێت "بێجگە لەو 300 سكاڵایە، نزیكەی 1000 هاووڵاتیش لەلای ئێمە سكاڵایان تۆمار كردووە، لەوانەش 500یان گرێبەستی پەسەندكراویان هەیە و مافیان نافەوتێ".
بەختیار ئەمین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەوان پێشتر هاووڵاتیانیان ئاگادار كردووەتەوە لەوەی هەر گرێبەستێك مۆری دەستەی وەبەرهێنانی لەسەر نەبێت، نەیكەن، بەڵام دەڵێت "كۆمپانیای عادل موتەحیدە مۆری ئێمەی ساختە كردبوو، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان متمانەی پێ بكەن و شوقەكانی لێ بكڕن". گوتیشی "لەسەر ئەو ساختەكارییە سێ سكاڵامان لەسەر كۆمپانیای عادل موتەحیدە تۆماركردووە".
هەر وەبەرهێنەرێك پرۆژەیەك بكات، دەبێ چەكێكی بانكی وەكو خیتاب زەمان بۆ وەبەرهێنان ببات. بەختیار ئەمین دەڵێت كۆمپانیای عادل موتەحیدە لەوەشدا فێڵی كردووە "چەكێكی بۆ ئێمە هێنابوو، رەسیدەكەی 3%ی تێچووی پرۆژەكە بوو، بەڵام دوای دیارنەمانی خاوەنی پرۆژەی ستی ستارز، ئەو چەكەش ئاشكرابوو كە ساختەیە و لە بانكی (مصرف التجاری العراقی) هێنابووی كە هیچ رەسیدی نەبوو".
بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆك ئەو پارەیە ئاشكرا دەكات كە كۆمپانیاكە وەكو پێشەكی لە هاووڵاتیانی وەرگرتووە و دەڵێت "كۆمپانیاكە زیاتر لە 9 ملیۆن دۆلاری وەكو پێشەكی لە هاووڵاتیان وەرگرتووە، بەڵام تەنیا 50%ی پرۆژەكەی جێبەجێ كردووە و جێیهێشتووە".
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو خەڵكەی پارەیان كەوتووەتە لای كۆمپانیاكە، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆك دەڵێت "400 دۆنم زەوی پرۆژەكە لەسەر ناوی كۆمپانیاكە ماوە و هیچی لەسەر نەكراوە. بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان، ئەو زەوییە دووبارە نەخشەی بۆ دەكێشرێت، لەلایەن لێژنەیەكی تایبەتەوە كە ئێمە، شارەوانی، نیشتەجێكردن و وەزارەتی دارایی تێیدا ئەندامین، دواتر زەوییەكە بە وەبەرهێنەران دەفرۆشرێت و بە پارەكەی پرۆژەكەی ستی ستارزی پێ تەواو دەكرێ".
بەڵام هاووڵاتیان گلەییان هەیە كە ئەو لێژنەیە كارەكانی زۆر دواكەوتن و ئەوانی لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە.
بەختیار ئەمین دەڵێت "ئەوە راستە، بەڵام كێشە لەلای وەزارەتی دارایی بوو، درەنگ نوێنەری خۆیان بۆ لێژنەكە دیاری كرد، گەشبینین كە ساڵی داهاتوو ئەو كێشەیە یەكلایی بكرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ