كچێكی تەمەن 15 ساڵان خۆی دەسووتێنێ

28-12-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن هەڵەبجە خۆسووتاندن
A+ A-

رووداو- هەڵەبجەی شەهید

شیلان پێش ئەوەی گیانی دەربچێ، گوتبووی بەهۆی جیابوونەوەی دایك و باوكی لە یەكدی، لە ژیان بێزار بووە، بۆیە خۆی سووتاند، بەڵام دراوسێیەكیان دەڵێت، خۆسووتاندنی شیلان پەیوەندی بە خۆكوشتنی خۆشەویستەكەیەوە هەبوو.

رۆژی 16/12/2016 كچێكی تەمەن 15 ساڵ بەناوی (شیلان.ح) كە دانیشتووی ناحیەیەكی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، لە ماڵی خۆیاندا نەوتی بەخۆیدا كرد و خۆی سووتاند. دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی سلێمانی، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی، گیانی دەرچوو.

رائید بارزان عوسمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە (رووداو)ی راگەیاند، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، كچەكە بەر لەوەی بمرێ‌ گوتوویەتی بەهۆی جیابوونەوەی دایك و باوكی لە یەكتری، لە ژیان بێزار بووە، بۆیە خۆی سووتاندووە.

خزمێكی نزیكی شیلان باسی كێشەی ئەو كچە دەكات كە بە گوتەی ئەو، تەمەنی حەوت مانگ بووە كاتێك كێشە كەوتووەتە نێو خێزانەكەی. خزمەكەیان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت "شیلان تەمەنی حەوت مانگ بووە كە دایك و باوكی لە یەكدی جیابوونەتەوە. باوكی ژنێكی دیكەی هێناوە و دایكیشی شووی كردووەتەوە. شیلان لەلای نەنكی (دایكی دایكی) گەورە بووە و برایەكیشی لەلای باپیری (باوكی باوكی) بووە".

هەر بەپێی زانیارییەكان، كاتێك شیلان تەمەنی بووەتە 12 ساڵ، نەنكی مردووە، ماڵی باپیری، شیلانیان لە باوەش گرتووە، بەڵام پەیوەندی لەگەڵ دایكی هەر هەبووە كە لە هەڵەبجەی شەهید دانیشتووە، بەڵام كەمتر هاتۆچۆی باوكی كردووە.

خزمەكەی شیلان گوتی "نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر دایكی شیلان داوای لە كچەكەی كردووە پێكەوە بژین، بەڵام شیلان لەبەر خوێندنەكەی نەیتوانیوە بچێتە لای دایكی، بۆیە دایكی ماڵی گواستووەتەوە ئەو شوێنەی كە شیلان لێی دەژیا".

سەبارەت بە خۆسووتاندنی شیلان، خزمەكەیان گوتی "ئەو رۆژە دایكی لە هەڵەبجە بووە، منداڵەكانی دیكەشیان لە دەرەوە بوون. شیلان بە تەنیا لە ماڵەوە بووە، كاتێك منداڵەكان ویستوویانە بڕۆنەوە ژوورەوە، لە دەرگایان داوە، بەڵام شیلان نەیكردووەتەوە، پاشان هانایان بۆ دراوسێكانیان بردووە و ئەوانیش دوای ئاگاداركردنەوەی دەزگایەكی ئەمنی كە بارەگای لە نزیك ماڵیانە، چوونەتە ژوورەوە، بەڵام دووكەڵ لەنێو ماڵەكەدا هەبووە و  ئەو كچەیان بە سووتاوی دۆزیوەتەوە".

سێ‌ رۆژ  پێش خۆسووتاندنی شیلان، گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ كە ماڵی لە نزیك ماڵی ئەوان بووە، خۆی كوشت. بۆیە ئێستا دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە كە شیلان و ئەو كوڕە پەیوەندییان هەبووە، خۆسووتاندنەكەشی پەیوەندی بە خۆكوشتنی كوڕەكەوە هەبووە.

دراوسێیەكی ماڵی شیلان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی گوت "ئێستا لەنێو گەڕەكدا دەنگۆی ئەوە بڵاوە كە شیلان و ئەو كوڕە پەیوەندییان هەبووبێت، بەڵام نازانرێت كوڕەكە چووەتە خوازبێنی یان نا". خزمە نزیكەكەیان گوتی "ئێمەش ئەو دەنگۆیەمان بیستووە، بەڵام نازانین راستە یان نا".

توێژەرێكی كۆمەڵایەتی هەڵسەنگاندن بۆ هەردوو ئەو هۆكارە دەكات كە لەبارەی خۆكوشتنی ئەو كچەوە باس دەكرێن. ئەڤین محەممەد، توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت "هەرچەندە كچەكە زۆر بچووك بووە كاتێك دایك و باوكی لە یەكدی جیابوونەتەوە، بەڵام بێگومان كاریگەری ئەو جیابوونەوەیەی هەر لەسەر ماوە، كاتێك پێگەیشتووە، پێی خۆش بووە وەكو هاوڕێكانی دیكەی، ئەویش لەلای دایك و باوكی بێت، بۆیە دەكرێ‌ ئەوە هۆكاری خۆسووتاندنەكەی بێت".

سەبارەت بە دەنگۆی پەیوەندییەكەشی، گوتی "پێدەچێ‌ خۆكوشتنی ئەو گەنجە كاریگەری لەسەری هەبووبێ‌، رەنگە خۆشەویستیش نەبووبن، تەنیا هەستێكی بۆی هەبووبێت، دوای خۆكوشتنی گەنجەكە لەو هەستەش بێهیوا بووە، هەمانكات رەنگە وەكو چاولێكەریش، ویستبێتی لاسایی ئەو بكاتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە