رووداو دیجیتاڵ
درۆنێکی تورکیا چادرێکی کرێکارانی لە شنگال بۆردوومان کرد و پێنج کەس گیانیان لەدەستدا. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال دەڵێت، هێرشەکە هەشت کیلۆمەتر لە خانەسۆرەوە دوور بووە و نازانن چەند کەس کوژراون.
شەوی پێنجشەممە، 28-12-2023، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنی لە سنووری شنگال هەبووە و لە ئەنجامیدا چەند کەسێک کوژراون".
بۆردوومانی گوندی کەرکێ کراوە، کە نزیکە لە ناوچەی بارێ و نزیک چیای شنگالە؛ هەشت کیلۆمەتر لە دووری ناحیەی خانەسۆر.
دوای هێرشەکە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری شنگال لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، درۆنی تورکیا هێرشەکەی کردووە و لە ئەنجامیدا "چەند کرێکارێکیان لە چادرێکدا کردووەتە ئامانج کە سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرێکی ئاو بوون، لە ئاکامدا پێنج کرێکار گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون".
لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکانەوە حەیدەر شەشۆ گوتی، "نازانین ژمارەی کوژراوەکان چەندن؛ دیاریش نییە کە شەڕڤان بوون یان سڤیل".
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری شنگال رایگەیاندووە، سبەی لەبەردەم ئەنجوومەنی گەلی خانەسۆر گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوەدەبەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ