قایمقامی سیدەکان: چارەنووسی مەڕدارەکان دیارە و ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سیدەکان رایدەگەیێنێت، ئەو کەسانەی دەگوترێ چارەنووسیان نادیارە دەزانین لە سنووری لالۆلانن و ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کاروان میروادەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران بە رووداوی گوت: "لە ناوچە شاخاوییەکانی سیدەکان هەشت کەس کە مەڕوماڵاتیان هەبووە چارەنووسیان نادیارە و لەسەرهێڵین بۆ زانینی چارەنووسیان و گەڕاندنەوەیان".
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "چارەنووسی کەسەکان ئاشکرابووە بۆمان کە 12 کەسن و لە ناوچەی لۆلانن کە لە دەرەوەی خاڵی ئەمنیی هەرێمی کوردستانە".
قایمقامی سیدەکان گوتی: "کەسەکان وەک مەڕدار لە ناوچەکە بوون و ئەمڕۆ داوای تراکتۆر و شۆفڵیان کردووە و ئێمەش رەزامەندیمان داوە بۆیان ببرێ و هەر ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
لەبارەی ئەو حەوت کەسەی لە چیایەکی سیدەکان ماونەتەوە، قایمقامی قەزاکە گوتی: "شوێنەکەیان تاوەکو ئێستا سەلامەتە و هەر ئەمڕۆ ئەوانیش دێنەخوارەوە".