بەرگریی شارستانیی سۆران: هەشت کەس لە سیدەکان بێسەروشوێنن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە چیاکانی سنووری قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر 8 کەس بێسەروشوێنن و حەوت شاخەوانیش داوای بەهاناوەچوون دەکەن کە لەنێو بەفردا گیریانخواردووە.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە شەوی رابردووەوە هەشت کەسی سنووری سیدەکان کە مەڕوماڵاتیان هەیە و چوونەتە چیاکانی سنوورەکە، چارەنووسیان نادیارە".
 
میراودەلی گوتی: "لە شەوی رابردووەوە لەسەرهێڵین، بەڵام تاوەکو ئێستا نەمانتوانیوە هیچ لەبارەی چارەنووسیانەوە بزانین. هەموویان خەڵکی ناوچەکەن و حەوتیان ناسنامەیان دراوە بە ئێمە".
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "نازانین لە بەفردا گیریان خواردووە یان چییان بەسەرهاتووە. ئەوەی هەیە دەتوانین بڵێین چارەنووسیان نادیارە".
 
موقەدەم کاروان میراودەلی دەڵێ: "پێشتر هۆشداری دراوە کەس نەچێتە ناوچە سەختە بەفراوییەکان، بەڵام لە دوێنێوە تیمێکی حەوت کەسیی شاخەوانی لە چیایەکی سیدەکان گیریانخواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران گوتی: "حەوت شاخەوانەکە سێ ئۆتۆمبێلیان پێیە. ئەمڕۆ تیممان هەوڵی رزگارکردنیان دەدەن و خۆشم دەچم بەهانایانەوە، بەڵام ئێمە تەنیا دەتوانین خۆیان رزگار بکەین نەوەک ئۆتۆمبێلەکانیان، چونکە بەفربارین هەیە و رێگەکە سەختە".
 
موقەدەم کاروان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییە بۆ نێو بەفر و گوتی: "شەوی رابردوو تەنیا لە دۆڵی ئالانە 83 ئۆتۆمبێلمان لەنێو بەفر بردووەتە دەرەوە. هاونیشتمانییان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ئەرکی کارمەندانی ئێمەش قورستر دەکەن کە شەوی رابردوو خۆشم تاوەکو بەیانیی خەریکی رزگارکردنی خەڵک بووم".
 
دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێ تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت. کاروان میراودەلی گوتی: "ئەگەر ئەمڕۆ حەوت شاخەوانەکە رزگار نەکرێن، بەهۆی زۆریی بەفرەوە رزگارکردنیان سبەی قورستر دەبێت".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە