چوار هاونیشتمانی کە لە لیبیا دەستگیر کرابوون، ئازادکران
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێنج عێراقی کە چواریان هاونیشتمانین و لە لیبیا دەستگیرکرابوون، ئازاد کران. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سێ لەو کەسانە خەڵکی پارێزگای سلێمانین و ئەوی دیکەشیان خەڵکی پارێزگای هەولێرە.
موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "12ـی ئەم مانگە لە دەستگیرکردنی پێنج کەسەکە لە لیبیا ئاگادارکرامەوە، کە چواریان کوردن. بێگومان ماوەیەک پێشتر دەستگیرکرابوون."
ئەو گەنجانە لەلایەن قاچاخچییەوە بەڵێنی ئەوەیان پێدرابوو لە لیبیاوە دەیانباتە ئەوروپا. موسەننا ئەمین دەڵێت، لەگەڵ ئەحمەد سەحاف، باڵیۆزی عێراق لە لیبیا لە سەر هێڵ بووە تاوەکو ئازاد کراون.
وەکو موسەننا ئەمین باسی دەکات، لەسەر دەیان کەیسی لەو جۆرە کاری کردووە و 90%ـی ئەوانەی تووشی کێشەکە بوون، کورد بوون؛ گوتیشی، هاونیشتمانی زۆرن کە لەسەر بنچینەی بەڵێنی بردن بۆ ئەوروپا، لە لیبیا، ئیمارات، هیندیستان، مالیزیا، ئەندەنووسیا، کازاخستان و چەندین وڵاتی دیکە دەستگیرکراون و سووکایەتییان پێکراوە و رووبەڕووی سەختی بوونەتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، بە هۆشیاری خۆیان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی خۆیەوە کاربکەن بۆ سنووردانان بۆ ئەو "بازرگانییەی بە مرۆڤە"ـەوە دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ناسنامەی گەنجەکان بەمشێوەیەیە: دانیار ع. ک، خەڵکی پارێزگای سلێمانی و لەدایکبووی 2006؛ ئەرکان ق . پ، لەدایکبووی ساڵی 2003 و دانیشتووی پارێزگای سلێمانی، کاروخ ئـ . ج، لەدایکبووی ساڵی 2002 و دانیشتووی پارێزگای هەولێر، موسا ع . س، لەدایکبووی ساڵی 2004 و دانیشتووی پارێزگای سلێمانی.