هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی ئامەد مووچەی مانگێکیان دەبەخشنە کۆبانێ

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی هەڵمەتی هاوپشتی بۆ شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، هاوسەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی دەم پارتی لە ئامەدی باکووری کوردستان بڕیاریان دا مووچەی مانگێکیان ببەخشنە خەڵکی گەمارۆدراوی ئەو شارە.

هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئامەد، پاڵپشتیی خۆیان بۆ "کەمپەینی هاوپشتی لەگەڵ کۆبانێ" دەربڕی کە رۆژی سێشەممە لەلایەن پلاتفۆڕمی پاراستن و پشتیوانیی شاری ئامەدەوە راگەیێندرا. بەگوێرەی بڕیارەکە، هاوسەرۆکان مووچەی مانگێک و ئەندامانی ئەنجوومەنیش دەرماڵەی مانگێکیان بۆ کەمپەینەکە دەبەخشن.
 
دۆغان هاتون، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد، رۆژی چوارشەممە 28-01-2026 رایگەیاند، دۆخی کۆبانی کارەساتبارە.
 
هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد گوتی: "تەنانەت ئاوی خواردنەوەی خەڵکی کۆبانێش بڕاوە. کارەبایان بڕاوە، دەیانەوێت خەڵکی ئەوێ بە سەرما لەناوببەن. دڵۆپێک ئاویان پێنادەن، دەیانەوێت خەڵکی بە تینوێتی بکوژن."
 
دۆغان هاتون جەختیکردەوە تاوەکو خەڵکی کۆبانێ لەو دۆخە رزگاریان دەبێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن و گوتی: "خەڵکی ئەوێ برا و دایک و باوک و هاوڕێی هەموومانن. دڵمان یەکە، خوێنمان یەکە."
 
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی لە مووچەی هاوسەرۆکان کۆدەکرێتەوە، دۆغان هاتون گوتی: "بەو پارەیە ئاویان بۆ دەکڕین، شیری منداڵان دەکڕین، جلوبەرگی منداڵان دەکڕین؛ سۆپا و داریان بۆ دەکڕین تاوەکو لەم بارودۆخە سەختە رزگاریان دەبێت. ناهێڵین منداڵان لە سەرما رەق ببنەوە."
 
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانیی شاری ئامەد داوای کردووە دەروازەی سنووریی مورشیدپنار لە شارۆچکەی پرسووسی سەر بە پارێزگای رووها بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەیێندرێنە کۆبانێ.
 
 زیاتر لە هەفتەیەکە سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکان گەمارۆی شاری کۆبانێیان داوە. بڕینی ئاو، کارەبا و ئینتەرنێت هاوکات لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی سەرما، دۆخی مرۆیی شارەکەی سەختتر کردووە.
 
بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەس لە گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێوە ئاوارەی نێو سەنتەری شارەکە بوون. بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سووری کورد لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی سەرما و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە، تاوەکو ئێستا "پێنج منداڵ گیانیان لەدەستداوە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئەڵمانیا لەسەر باڵەخانەی پەرلەمانی وڵاتەکە

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: چارەسەری شەڕی سووریا بە مسۆگەرکردنی ماف و بەشداریی کوردە

گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، دەبێت کاتی ئاگربەستی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا بۆ دانوستاندن بەکاربهێندرێت و تووندوتیژیی زیاتر روونەدات.