رووداو- هەولێر
باری ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر دەچێ، بەپێی بەرنامەی حکومەت هەنگاوەکانی دەربازبوون لە قەیرانی دارایی گەیشتوونەتە سەر راستەڕێ. رابەر سدیق وەزیری دارایی بە وەکالەت دەڵێ باری ئابوری لە 2017 دا باشتر دەبێ لەساڵی پێش خۆی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی دانەوەی ئەو قەرزەیە کە لە بانکە ئەهلییەکانی وەرگرتووە بۆ دابینکردنی مووچە، لەمەودوا حکومەت مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بۆ قوتابیانی تواناسازی تەرخان دەکات، بڕیارە پرۆژەکانی بەڵێندەرانیش بخرێنەوە کار و 10 ملیۆن دۆلاریش بۆ بەڵێندەرانیش خەرجکراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی ئەوەیە پارە بخاتە بازاڕ و جوڵەی بازرگانی کارا بکاتەوە.
بەرپرسی یەکەمی خەزێنەی وڵات، هەواڵی باشتر بوونی باری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت، رابەر سدیق، کە ئاگای لە ورد و دروشتی داهات و خەرجییەکانی حکومەت هەیە ئاشکرای دەکات، ساڵی 2017 لە سێ ساڵی رابردوو باشتر دەبێت.
رابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بەرەوباشتر دەچێت بەڵام بە هێواشی ، ئەو باشتر بوونە قۆناخ بە قۆناخە بەڵام لە ساڵی 2016 باشتر دەبێت. بەمەرجێک دۆخی کوردستان و ناوچەکە ئارام بێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
ئەو باشتر بوونەی باری دارایی حکومەت وەک رابەر سدێق دەڵێت، کارێکی کردووە، کە حکومەت چەند بڕیارێک دەربکات ، پارە بخاتەوە بازاڕ ، ئەوەی سێ ساڵ بوو نەیدەتوانی بیکات، ئێستا دەستی پێدەکاتەوە، هەوڵی خۆشی بۆ قوتابیانی تواناسازی و بەڵێندەران و ئەو بانکانە پێیە کە حکومەت لەکاتی بێ پارەییدا ، قاسەکانی خاڵی کردبوون.
بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت دەڵیت: "شایستەکانی بەڵیندەران کە ماوەیەکی زۆرە شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە ، لە پرۆسەی فرۆشتنی نەوت 10 ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرجدەکریت ، بۆ زیاتر گەڕانەوەی متمانە بە بانکە ئەهلییەکان ئەو پارانەی لەلایەن حکومەتەوە کاتی خۆی بەکارهێنراون پلان هەیە کە پارەیان بۆ تەرخانبکرێت".
رابەر سدیق سەبارەت بە پارەی تواناسازی گوتی: "لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا 30 ملیۆن دۆلار کە مانگانە دەکاتە 10 ملیۆن دۆلار ، بەپێی بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ تواناسازی خەرجبکرێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئامانجەکەی ئەوەیە ، بەم بڕیارانە، پارە بخاتەوە بازاڕ و لەوێشەوە جوڵەی بازاڕ دەست پێبکاتەوە، پلانی وەزارەتی دارایی ئەوەیە ئەگەر نەشتوانێ ئێستا دەستکاری پاشەکەوتی مووچە بکات، بەدانەوەی قەزری بانکەکان و بەڵێندەران و ئەوانی دیکە، کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لەسەر خەڵک کەم بکاتەوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ