لە ئامەد دوو چەکدار زیاتر لە کیلۆیەک زێڕیان دزی؛ خاوەن دووکانەکە لێیان دەدات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ماشەڵڵا دەکاک
ماشەڵڵا دەکاک
ساتی دزییەکە
ساتی دزییەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە قەزای سووری ئامەد، دوو چەکداری دەمامکدار هەڵدەکوتنە سەر دووکانێکی زێڕەنگەر و زیاتر لە کیلۆیەک زێڕ دەدزن. هەرچەندە زێڕەنگەرەکە رووبەڕوویان دەبێتەوە و چەکەکانیان لێ دەسەنێت، بەڵام دواجار چەکدارەکان بە زێڕەکانەوە هەڵدێن.
 
رووداوەکە بەیانیی رۆژی 27ـی ئەم مانگە لەسەر شەقامی مەلیک ئەحمەد لە دووکانی زێڕەنگەرێک بە ناوی واسف ئەرسلان روویداوە و کامێراکانی چاودێری ساتی دزیکردنەکەیان تۆمار کردووە.
 
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، دوو کەسی دەمامکدار و چەکدار دەچنە نێو دووکانەکە بۆ ئەوەی تاڵانی بکەن، بەڵام واسف ئەرسلان، خاوەنی دووکانەکە بەگژیاندا دەچێتەوە و هەوڵدەدات چەکەکانیان لێ بسەنێت.
 
واسف ئەرسلان، خاوەنی دووکانەکە باسی ساتی هێرشەکە بۆ رووداو دەکات: "دوای ئەوەی چوومە لای ڤیترینەکەم بۆ ئەوەی کارەکانم بکەم، دوو کەس هاتنە ژوورەوە و چەکیان خستە سەر سەرم. شەڕمان کرد و توانیم چەکەکانیان لێ بسەنم و دوو بۆ سێ جار بە قۆنداخی چەکەکە کێشام بەسەریاندا. هەردووکیان پێکەوە دەستیان بادام و چەکەکانیان لێ سەندمەوە."
 
ئەو زێڕەنگەرە دەڵێت: "کاتێک لەگەڵ ئەو کەسە شەڕم دەکرد کە چەکی بەدەستەوە بوو، ئەوەی دیکەیان رایکردە لای ڤیترینەکە. سێ جار دوگمەی فریاکەوتنم داگرت، بەڵام پۆلیس درەنگ هاتن. لەبەر دەرگاکەش چەند جارێکی دیکە کێشام بە سەریاندا، بەڵام شتەکانیان هەڵگرت و رایانکرد."
 
سەرەڕای بەرخۆدانی زێڕەنگەرەکە، چەکدارەکان زیاتر لە کیلۆیەک زێڕیان دزیوە و لە کاتی هەڵاتنیشدا تەقەیان کردووە. واسف ئەرسلان سەبارەت بە قەبارەی زیانەکەی دەڵێت: "زیاتر لە 5 بۆ 6 ملیۆن لیرە زیانم کردووە. هێشتا بەتەواوی حیسابم نەکردووە، بەڵام نزیکەی کیلۆیەک بۆ کیلۆیەک و نیو زێڕیان بردووە."
 
مەهمەت ئەرسلان، کوڕی زێڕەنگەرەکەیە و سوپاسگوزارە کە باوکی سەلامەتە: "تاوەکو کارەکانی تەواو نەکات و دراوسێکانی دووکانەکانیان نەکەنەوە، دەرگاکەی بە داخراوی دەهێڵێتەوە. ئەو رۆژە یارمەتیی ژنێک دەدات و دەچێتە ژوورەوە، دەرگاکە دادەخات بەڵام قفڵی ناکات. تەنیا 6 بۆ 7 خولەک دوای ئەوەی دەچێتە نێو دووکانەکە رووداوەکە روودەدات. جێگەی دڵخۆشییە شتێک بەسەر باوکمدا نەهاتووە و خوێن لە لووتی نەهاتووە، ئەمە بۆ ئێمە سەروەتێکی گەورەیە، ماڵی دنیا دێت و دەڕوات."
 
دوای ئاگادارکردنەوەیان، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، بەڵام چەکدارەکان خۆیان ونکردبوو. ئێستا داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە و گەڕان بەدوای دزەکاندا بەردەوامە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی گشتیی سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە سنووری پارێزگای سلێمانی پشووە

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگاکە پشووە.