رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سووریا "بە تووندترین شێوە" سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کرایەسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە هێرشی "تيرۆریستی" لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە ناوی دەبات.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی سووریا راگەیێندراوێکی فەرمیی لەسەر هێرشکردنە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عەرەبیی سووریا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە دەکات کە کرانە سەر شوێنی مانەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانەوە ئەنجامدراون."
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کارە "دووژمنکارانە و نایاساییانە" بە هەڕەشەیەک دەبینێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتین.
دەشڵێت: "کۆماری عەرەبیی سووریا جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی، هەروەها رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی چەکداری لە کاروباری ناوخۆیدا."
هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، کە رۆژی شەممە کرا، لەسەر ئاستی ناوخۆ، ناوچەکە و دەرەوە سەرکۆنە کرا. ئێران بێبەریبوونی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنی لێکۆڵینەوەی جیدی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ