رووداو - هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان 21 بەڕێوەبەری پەروەردە لە سەرجەم پارێزگاکان دەگۆڕێت، بە سی ڤیش 21 بەڕێوەبەری نوێیان لە جێگە دادەنێت، لە پڕکردنەوەی شوێنەکانیش رەچاوی ئەوە کراوە یەک لەسەر چواریان ئافرەت بن.
وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا روونیکردووەتەوە، کە د. پشتیوان سادق لەسەر بنەماى بڕیار و راسپاردەکانى کۆنگرەى پەروەردەیی ساڵى 2015، بە بڕیارێک 21 بەڕێوەبەرى پەروەردەی گۆڕیون، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 8 ساڵ خزمەتیان هەبووە، لە مەراسیمێکى تایبەتیشدا رێزیان لێنراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەسەر بنەماى پێشکەشکردنى (CV) و توانا و شارەزایی، 21 کەسی دیکە وەکو بەڕێوەبەری پەروەردەکان دەستنیشانکراون، بۆ دەستبەکاربوون و بەخێرهاتنیش مەراسیمێکیان بۆ رێکخراوە.
وەزارەتی پەروەردە باسی لەوە کردووە کە یەکەمجارە گۆڕانکارییەکی گەورەى لەمشێوەیە ئەنجامدەدەن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە خاڵی لەمە گرنگتر هەڵبژاردنى رێژەیەکى بەرچاوى خانمانە بە رێژەى یەک لەسەر چوار بۆ پۆستى بەڕێوەبەری پەروەردەى قەزاکان، بڕیاریشوایە ئەم گۆڕانکارییانە بەردوامبن و لە ئایندەیەکى نێزیکدا گۆڕانکارى لە چەندین پۆستى دیکەى بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانى وەزارەتى پەروەردە ئەنجامبدرێت.

ئەو 21 بەڕێوەبەری دوای 8 ساڵ خزمەتکردن گۆڕدران، لە مەراسیمێکدا رێزیان لێنرا
گۆڕینی بەڕێوەبەری پەروەردەکان ئەم قەزایانەی گرتووەتەوە
1- پەروەردەی ناوەندی هەولێر
2- پەروەردەی دەشتی هەولێر
3- پەروەردەی دەوروبەری هەولێر
4- پەروەردەی شەقڵاوە
5- پەروەردەی رواندز
6- پەروەردەی مەخموور
7- پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی
8- پەروەردەی دەربەندیخان
9- پەرەردەی پێنجوێن
10- پەروەردەی مێرگەسۆر
11- پەروەردەی کۆیە
12- پەروەردەی رانیە
13- پەروەردەی پشدەر
14- پەروەرەی دووکان
15- پەروەردەی شارەزوور
16- پەروەردەی شارباژێر
17- پەروەردەی سێمێل
18- پەروەردەی رۆژهەڵاتی دهۆک
19- پەروەردەی بەردەڕەش
20- پەروەردەی کەلار
21- پەروەردەی کفری
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتى پەروەردە گۆڕانکارى لە چەندین پۆستى بەڕێوەبەرەکانیدا دەکات
ئەوڕۆ ڕێکەوتى ٢٩ى ئەپرێلى ٢٠١٨ى زایینى و بە ئامادەبوونى (د. پشتیوان سادق) وەزیرى پەروەردە، وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆنگرەى پەروەردەیی ساڵى ٢٠١٥ى زایینى، ٢١ بەڕێوەبەرى پەروەردە زیاتر لە ٨ ساڵ خزمەتیان هەبوو، لە پۆستەکانیان بەخشى و لە مەراسیمێکى تایبەتدا ڕێزیان لێ نرا و لە شوێنەکەیان کەسانى دیکە و لەسەر بنەماى پێشکەشکردنى زانیارى کەسى (CV) دانران، ئەوانیش لە مەراسیمێکى جیادا بەخێرهاتن و هیواى سەرکەوتن و کارى باشیان لێ کرا.
شایەنى باسە ئەمە یەکەم جارە کە وەزارەتى پەرورەدە گۆڕانکارى گەورەى لەم شێوەیە ئەنجام دەدات، لەمەش گرنگتر هەڵبژاردنى ڕێژەیەکى بەرچاوى خانمانە بە ڕێژەى یەک لەسەر چوار بۆ پۆستى پەروەردەى قەزاکان و بڕیاریش وایە ئەم گۆڕانکارییانە بەردوام بن و لە ئایندەیەکى نێزیکدا گۆڕانکارى لە چەندین پۆستى دیکەى بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانى وەزارەتى پەروەردە ئەنجام بدرێت.
وەزارەتى پەروەردە
٢٩/٤/٢٠١٨
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ