شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەدان

29-04-2020
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کۆتاییهات و ئێستا شاندەکە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەدان.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵی نێوەندگیری بگێڕن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی چەندین ساڵە لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقدا هەیە.
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئێستا شاندەکە لە وەزارەتی نەوتی عێراقن و لەگەڵ سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەدان.
 
لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر میکانزمی رادەستکردنی ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە دەکرێت کە بڕیارە رۆژانە هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدای بکات، لە بەرامبەردا شاندی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو گەرەنتیە وەربگرێت بۆ ئەوەی عێراق بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات.

 

سامر غەزبان و قوباد تاڵەبانی
 
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، جۆرێک لە نەبوونی متمانە لەنێوان هەردوو حکومەتدا هەیە، هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ ئەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لە بەرامبەردا گرەنتی وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.

 

کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، بڕیارە دوای کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و بەرپرسانی باڵای لایەنە شیعییەکان و باڵیۆزی چەند وڵاتێک لە بەغدا کۆببنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە