لە سنە دەست بەسەر دوو تۆن گۆشتی ئەسپدا گیرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بەسەر زیاتر لە دوو تۆن گۆشتی ئەسپدا گرتووە و 5 کەسیش بە تۆمەتی فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ دەستبەسەر کراون.
شەوی دووشەممە 28ی نیسانی 2025 کامبیز رۆستەمنیا، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروە رایگەیاند، "دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت و دوای بەدواداچوونێکی زۆر، لەلایەن هێزەکانمانەوە ناوەندێکی بێ مۆڵەتی سەربڕینی ئاژەڵ لە شارەکەدا ئاشکرا کرا."
رۆستەمنیا گوتی، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی مەیدانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، تیمەکانی پۆلیس رەوانەی شوێنەکە کران و پشکنین بۆ شوێنەکە کرا. لەکاتی پشکنینەکەدا، دوو تۆن گۆشتی ئەسپی سەربڕدراو دەستی بەسەردا گیرا.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی قوروە، لە هەمان شوێن چەندین ئەسپ و کەری زیندووش دەستیان بەسەردا گیراوە، بەر لەوەی سەرببڕدرێن.
"پێنج کەس بە تۆمەتی فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ دەستبەسەر کراون و لە دادگە دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە؛ سەربڕخانەکەش بە بڕیاری دادگە لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە داخرا،" ئەمەش بە گوتەی رۆستەمنیا.
ئەمە چەندین جارە لە پارێزگای سنە، گۆشتی ئەسپ دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگاکە، تەنیا لە ساڵی 2024دا، زیاتر لە 11 تۆن گۆشتی ئەسپ لەو پارێزگایە دەستی بەسەردا گیراوە.
رۆژی هەینی 14-03-2025، کامەران زیبا کردار، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری پارێزگای سنە رایگەیاند، "لە ساڵێکدا زیاتر لە 11 تۆن گۆشتی ئەسپ لە لایەن تیمەکانمانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لەنێوبراوە."
زیبا کردار گوتی، "لەو ماوەیەدا 26 ئەسپی زیندووش دەستیان بەسەردا گیراوە، بەر لەوەی سەرببڕدرێن. 32 کەسیش بە تۆمەتی فرۆشتنی گۆشتی ئەسپ دەستبەسەرکراون و لە دادگە دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە؛ دوو سەربڕخانەش داخراون."
هەروەها لە مانگی شوباتی 2024یش، خواردنگەیەک لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی ئەوەی ئەسپی سەربڕیبوو و گۆشتەکەی فڕۆشتبوو، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگەی چاودێریی بازار و سزادانی ئەو پارێزگایەوە داخرابوو و خاوەنەکەی دەستگیرکرابوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڤێتێرنەری پارێزگای سنە تاوەکو ئێستا چەندین جار لەبارەی خواردنی گۆشتی ئەسپەوە هۆشداری داوەتە خەڵکی پارێزگاکە و رایگەیاندووە، "خواردنی گۆشتی ئەسپ مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی هاوبەشی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ زیاد دەکات." داواشی لە خەڵک کردووە، "لە پێناو پاراستنی تەندروستی خۆیان و خێزانەکانیان خۆیان لە کڕین و خواردنی ئەم جۆرە گۆشتە بەدوور بگرن."