ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی گرێ سپی دەستیپێکرد

29-05-2015
حیکمەت دورگون
نیشانەکردن گرێ سپی
A+ A-

رووداو- سوروچ

بۆ گرتنەوەی گرێ سپی، کە کەوتووەتە نێوان کۆبانێ و جزیرە، لە رۆژهەڵاتی کۆبانێ و سەرێکانییەوە ئۆپەراسیۆن لە دووقۆڵەوە دەستیپێکرد.


گرێ سپی دەکەوێتە نێوان جزیرە و کۆبانێ و ئەمڕۆ بۆ دەرهێنانەوەی لەدەستی داعش، لە رۆژئاوای سەرێ کانی و رۆژهەڵاتی کۆبانێوە ئۆپەراسیۆن بەرەو ئەو ناوچە کوردییە دەستیپێکرد.

باڤێ لەیلا، گوتەبێژی شەمس ئەل شەمال کە گرووپێکە لەنێو بورکان ئەل فورات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " گرێ سپی بۆ ئێمە شوێنێکی ستراتیژییە، وە بۆ کۆبانێش گرنگییەکی زۆری هەیە، ئەگەر گرێ سپی کۆنترۆڵبکرێتەوە ژمارەیەک پێداویستی کۆبانێ لە جزیرەوە دابیندەکرێن، خەڵکیئ کۆبانێ دڵخۆشن بە ئۆپەراسیۆنەکە".

باڤێ لەیلا هەروەها گوتی: " بۆ گرتنەوەی گرێ سپی، یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG لە سەرێکانیێوە و ئێمەش لە رۆژهەڵاتی  کۆبانێوە بەرەو گرێ سپی دەڕۆین، YPG لە مەبروکەن و 45 کم لە گرێ سپییەوە دوورن، ئێمەش 20 کم لێیەوە دوورین، داعش ژمارەیەکی زۆر بۆمبی لە دەوروبەری شارەکەدا چاندوون، ئەمەش یەکێکە لەکێشەکانی ئێمە".

لەبارەی وادەی کۆنترۆڵکردنەوەی گرێ سپیش گوتی: "وادەی کۆنترۆڵکردنەوەی گرێ سپی نادرکێنم، بەڵام بەمزووانە ئازاددەکرێت".

باڤێ لەیلا ئەوەشی ئاشکراکرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکە دەبن و بە بەردەوامی بنکەکانی داعش بۆردوماندەکەن. گوتیشی: "نە هێرشی زەمینی بە تەنیا کاریگەری دەبێت، نە بۆردوومانی ئاسمانی بە تەنیا دەتوانێت داعش تێكبشكێنێت، ئێمە کە دەچینە گرێ سپی دەست لە هاووڵاتیان نادەین، بگرە ئەو چەکدارانەی چەکی خۆشیان رادەست دەکەن هیچیان لێناکەین، لە یاسای ئێمەدا کوشتنی دیل نییە".










کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە