لەبەر چاوی دایكی بە چەقۆ كوشتیان

29-05-2018
دیمەن بورهان
نیشانەکردن کۆمەڵایەتی
A+ A-

رووداو- هەولێر

پشتیوان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگی دا. كە رۆژی دەنگدانی گشتیش هات، پەیوەندی بە دایك و خوشك و براكانییەوە دەكات بۆ ئەوەی ئەوانیش بچن دەنگ بدەن، ئەوان پێیانگوتبوو كە كاریان هەیە و ناتوانن بچن، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی بیانبات بۆ دەنگدان. پشتیوان لەبەردەم بنكەی دەنگدان درایە بەر چەقۆ و كوژرا.


پشتیوان وەهاب، تەمەن 26 ساڵان، خێزاندار و خاوەنی چوار منداڵ بوو. زەهۆ فارس، دایكە تەمەن 62 ساڵانەكەی پشتیوان بە (رووداو)ی گوت: "بە تەمای دەنگدان نەبووم، لەگەڵ پووری منداڵەكان نانی نیوەڕۆمان خوارد، پشتیوان هات و گوتی دایە دەبێت بچن بۆ دەنگدان و لەگەڵ پوورم دەنگ بدەن، منیش گوتم بەخوا نان دەكەم، خۆ خوا دەنگدانی فەرز نەكردووە، بەڵام پشتیوان گوتی چۆن فەرز نییە، من خواخوامە دەنگێك بۆ كوردستان زیادبێت، بۆیە بە جلی ئارداوییەوە ئێمەی هەستاند و بردینی بۆ دەنگدان".

پشتیوان یەكەمجار پووری دەبات بۆ نێو بنكەی دەنگدان و بە دایكی دەڵێت لە نێو ئۆتۆمبێلەكەدا بمێنێتەوە و چاوی لە پارە و چەكەكەی بێ‌، دواتر ئەویش دەبات بۆ ژوورەوە دەنگ بدات.

ئەوان لە قوتابخانەی دابانی بنەڕەتی لە تەكیەی كاكەمەند دەنگیان دەدا، زەهۆ دەڵێت "پشتیوان و پووری چوون بۆ دەنگدان و منیش لەناو ئۆتۆمبێلەكە بووم، چەند هەنگاوێك لێیانەوە دوور بووم، بینیم لە سەرەدا وەستابوون، گەنجێك جلی رەشی لەبەردابوو، رووە و كوڕەكەم هات و بە هەموو هێزی شانێكی لێدا و لەگەڵ كوڕەكەم دەستیان دایە یەخەی یەكدی".

شەڕەكە گەورە دەبێ‌، دایكی پشتیوان دەڵێت: "گەنجەكە لەگەڵ سێ كەسی دیكە بۆ كوڕەكەم هاتن، بە هەر سێ‌ گەنجەكە گرتیان، كوڕە جل رەشەكەش لەبەرچاوی ئەو هەموو خەڵكە چەقۆیەكی لەپشتی دا، دواتر ئەوانی دیكەش بەر چەقۆیان دا، شەش چەقۆی پێوەبوو، هاوارم كرد و قیژاندم، بەڵام سوودی نەبوو، كوڕەكەم بە چەقۆكانیشەوە گەنجەكەی بەرنەدەدا بڕوات، تا پۆلیسی بنكەكە هات، دایە دەستی و ئەویشی بریندار كرد".

فوئاد وەهاب، برای پشتیوان، هۆكاری كوشتنی براكەی بۆ كێشەیەكی كۆنی عەشایەری دەگەڕێنێتەوە كە 15 ساڵ بەر لە ئێستا لەسەر زەویوزار روویداوە.

فوئاد بە (رووداو)ی گوت: " ئەوكات كێشەیەك دروستبوو، كەسێكی 45 ساڵ بەناوی (د.ك) كوژرا. تاوانەكەیان بەسەر ئێمەدا هێنا، بەڵام ئێمە ئاگاداری نەبووین، ئەوان پشتیوانیان بە بكوژی ئەو پیاوە دەزانی، بەڵام پشتیوان ئەو شەوە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی نەشتەرگەریی ریخۆڵە كوێرەی بۆ دەكرا، ئەوان دەیانگوت بكوژی ئەو پیاوەیە، ئەو شەوەش بۆیە لە نەخۆشخانە بووە، چونكە كوژراوەكە بەرگری كردووە و چەقۆی لە ریخۆڵەی پشتیوان داوە".

فوئاد دەشڵێت: "ئەوكاتەی رووداوەكە روویدا من و پشتیوان و باوكم بۆ ماوەی مانگێك دەستگیركراین، بەڵام بەهۆی فایلی نەخۆشخانەوە بێتاوانیی پشتیوان سەلما و ئازادكراین".

ئەم كێشەیە بەدرێژایی ئەو 15 ساڵە هەر بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە. فوئاد دەڵێت: "پێشتریش بە سێ‌ كەس بۆسەیان بۆ پشتیوان دانابوو، تەقەیان لێكرد، بەڵام بەرنەكەوت، بۆیە پشتیوان ئەم رقەی لە دڵدا مایەوە، دوای ماوەیەك لە بازاڕی تەكیە یەكێك لەو كەسانەی بەناوی (س.ك) بینیبوو، بە دار لێیدا و ماوەی نۆ رۆژ لە نەخۆشخانە كەوت. كوڕی ئەو پیاوە پێیدەڵێت رۆژێك بژیم بۆ تۆ دەژیم، ئێستا ئەو هەموو ساڵە تێپەڕیوە و ئێمە رازی بووین بەهەمانشێوە لە كوڕەكەمان بدرێتەوە، با ئەوانیش بەهەمانشێوە حەقی خۆیان بكردایەتەوە، نەوەك بە چوار كەس بیگرن و بەر چەقۆی بدەن و بیكوژن".

 پشتیوان تووشی خوێنبەربوون دەبێت، وەكو كەسوكارەكەی باسی دەكەن، بەهۆی نەبوونی پێداویستی لە نەخۆشخانەی تەكیە، رەوانەی نەخۆشخانەی چەمچەماڵی دەكەن، بەڵام لەوێش پێیان چارەسەر ناكرێت و رەوانەی سلێمانی دەكەن، فوئادی برای دەڵێت: "ئەگەر براكەم لەكاتی خۆی چارەسەری پێویستی بۆ بكرایە، نەدەمرد، سییەكانی پڕ ببوو لە خوێن، نزیكەی دوو كاژێر بەس هێنان و بردنیان پێكردین، بۆیە مرد".

(رووداو) ویستی لایەنی بەرامبەر بدوێنێت، بەڵام ئەوان هەڵهاتوون و ژمارە مۆبایلەكانیان بەردەست نەبوو. بەپێی زانیاریەكانی رووداو كەسێك بەناوی (ه.س.ك)، دەستبەجێ لەكاتی رووداوەكە دەستگیركراوە، بەڵام ئەوانی دیكە هەڵهاتوون، لە كامێرای ئەو قوتابخانەیەش كە دەنگیان لێداوە رووداوەكە تۆماركراوە كە بە چوار كەس و بە چەقۆ لە پشتیوان دەدەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە