دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی سێشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی کەیسی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "کەیسەکە تەنیا بڕیاردانی ماوە، چونکە سەرجەم بەڵگە یاساییەکان و بەرگری و دۆکیۆمێنتەکان پێشکێشکراون و ئامادەبوون یان نەبوونی ئێمەی ناوێت."
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە سبەی سێشەممە، 29ـی ئایاری 2023 دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سێ بابەتی جیاواز کۆببێتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و سکاڵاکە لەسەر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمان تۆمارکراوە.
وریا سەعدی، راوێژکاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سکاڵای پەیوەست بە درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونیان لە دانیشتنەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە وەکو تیمی راوێژکارانی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بەشداریی دانیشتنەکە نابین، چونکە ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە لە پێشکێشکردنی بەڵگەنامە و بەرگریکردنی یاسایی کردوومانە؛ هەموو شتەکانمان داوەتە دادگە و چوون و نەچوونمان وەکو یەک وایە و ئامادەبوونمان پێویست نییە."
رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
سکاڵاکە بە ناوى سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق پێشکێشکراوە، دوای ئەوەى لەگەڵ سێ سکاڵاى دیکەدا یەکخران کە لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون.
سکاڵاکار لەو سکاڵایەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9-10-2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات بە پاساوی "ناکۆکبوون"ی لەگەڵ هەردوو مادەی 5 و 20ـی دەستووری عێراق، جگە لەوەش لە داواکەدا هاتووە: "مافی دەستووری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراوێکی فەرمی وەڵامی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقی داوەتەوە، کە لە دانیشتنی رابردوویدا و لە رۆژی 7ـی ئایاری 2023، داوای بۆچوونی لێکردبوو لەبارەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە 24-5-2023، هیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەبارەی نووسراوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نوێنەری یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی دادگەی فیدراڵی ئامادە دەبێت و ئەوەی لە روونکردنەوەکەمان هاتووە بە دادگەکەی رادەگەیێنێت؛ بابەتەکە ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان کۆمیسیۆنی خۆی هەیە و باشترە ئەو هەڵبژاردنەکە بکات، ئێمە دەتوانین سیستم و رێنماییەکان دەربکەین و هاوکار بین."
رۆژی 22-05-2023، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان گرژی تێکەوت. فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان پێشتر گوتبووی، دانیشتنەکە دواخرا و پەرلەمانتارانی یەکێتی چوونە سەر سەکۆ و کێشە و شەڕ دروست بوو و دەڵێن، کۆمیسیۆن کارانەکراوەتەوە.